' چاکسازییەکانی ' تاڵیبان دەبنە هۆی لە ناوبردنی 21,000 ئامێری میوزیک لە ئەفغانستاندا

پۆلیسی ئاکاری ئەفغانستان ڕۆژی سێشەممە وتی لە ساڵی ڕابردووەوە لە چوارچێوەی سەرکوتکردنی " کارەکانی دژ بە ئیسلامدا دەستییان گرتووە بەسەر زیاتر لە 21,000 ئامێری میوزیکدا و لە ناوییان بردوون."

بەرپرسانی وەزارەتەکەی تاڵیبان بۆ هاندان بۆ چاکە و ڕێگریکردن لە خراپەکاری لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا باسییان لە " کارە ساڵانەییەکەیان " کرد، ئەوەش ڕۆژێک دوای ئەوەی بەرپرسانی تاڵیبان بە ئاشکرا سەدان ئامێری میوزیکییان لە پارێزگای پەروانی باکووری ئەفغانستان سووتاند.

بەشی پۆلیسی ئاکاری پارێزگاکە داوای لە هاووڵاتیان کرد ئامێری میوزیک لە ئاهەنگەکانی هاوسەرگیری و ئاهەنگەکانی دیکەدا بەکارنەهێنن.

بەرپرسانی وەزارەتەکە لە کابوڵی پایتەخت بانگەشەی ئەوەیان کرد کە هەزاران " فیلمی بەدڕەوشتییان " لە ناوبردووە و ڕێگریییان کردووە لە بەکارهێنانی فیلمی زیاتری لەوشێوەیە لەسەر کۆمپیوتەرە تایبەتەکان " لە سەرانسەری وڵاتەکەدا." ئەوەش لە " چوارچێوەی چاکسازی کۆمەڵایەتیدا " کە لەلایەن بەڕێوبەرایەتییەکەی تاڵیبانەوە ئەنجام دەدرێت، بەڵام باسیان لەوە نەکرد سروشتی فیلمەکان چی بوون.

وەزارەتەکە بەبێ ئاماژەدان بە وردەکارییەکان وتی " سەرکەوتووانە توانیویەتی لە سەدا 90 ی چاکسازییەکان لە میدیا دەنگی و ڤیدیۆییەکاندا جێبەجێ بکەن."

گروپەکانی داکۆکیکار لە میدیای ئازاد و ڕۆژنامەنووسانی ناوخۆ دەڵێن سەرکردەکانی تاڵیبان بە شێوەیەکی بەرچاو ئازادی ڕۆژنامەگەریی و دەستڕاگەیشتنیان بە زانیارییەکانییان لە سەرانسەری وڵاتەکەدا سەرکوتکردووە.

وەزارەتەکەی تاڵیبان ڕێنمایی توندی داناوە بۆ کارمەندانی میدیا ناوخۆییەکان و پێشکەشکار و میوانە ژنەکانی ناچار کردووە پابەندی یاسای " ئیسلامی " پۆشاک بن و دەبێت تەنها چاوییان دیار بێت.

ژنان قەدەغەکراوە لەسەرییان کار لە ڕادیۆی نیشتیمانی و کەناڵەکانی تەلەفیزیۆن بکەن، ئەو درامایانەشی کە ئەکتەری ژنییان تێدایە قەدەغە کراون.

محەمەد خالید حەنەفی وەزیری وەزارەتی هاندان بۆ چاکە و ڕێگریکردن لە خراپەکاری ڕۆژی دووشەممە وتی تاڵیبان " سوورە لەسەر جێبەجێکردنی یاسای شەریعەی ئیسلامی و فشاری هیچ کەسێک لەم بارەیەوە جێی قبووڵکردن نیە."

ئەرکی یارمەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ئەفغانستان مانگی ڕابردوو وتی پۆلیسی ئاکاری ئێران یارمەتیدەربوون لە زیادبوونی " کەشی ترس و تۆقاندن " لە نێو خەڵکەکەدا و وەزارەتەکەی بە پێشەنگی پێشێلکارانی مافەکانی مرۆڤ ناوبردووە لە حکومەتەکەی تاڵیباندا کە هیچ وڵاتێک دانی پێدا نەناوە.

ڕاپۆرتەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت چالاکییەکانی ئەو وەزارەتەی تاڵیبان " کاریگەری نەرێنی هەیە لەسەر چێژوەرگرتن لە مافی مرۆڤ و ئازادییە بنچینەییەکان لە ئەفغانستاندا، کاریگەرییەکی بێ هاوتا و جیاکاری هەیە لەسەر ژنان."

پۆلیسی ئاکاری ئەفغانستان ساڵۆنەکانی جوانکاری ژنانی قەدەغە کردووە، ڕێگریکردووە لە گەشتی ژنان بەبێ هاوەڵێکی پیاو. هەروەها قەدەغەی کردووە لەسەرییان سەردانی پارک و شوێنەکانی یاری لەشجوانی بکەن.

تاڵیبان خوێندنی کچانیشی لەسەروو پۆلی شەشەوە قەدەغە کردووە، زۆرێک لە ژنانیش ڕێگەیان پێنادرێت لە کەرتی گشتی و تایبەتیشدا کاربکەن، بە دەزگاکانی نەتەوە یەکگرتووەکانیشەوە.

دەزگای خوێندن و زانست و کلتوری نەتەوە یەکگرتووەکان هەفتەی ڕابردوو لە ڕاپۆرتێکدا وتی بەرپرسانی تاڵیبان " بە مەبەست " مافی خوێندنیان لە 1.4 ملیۆن کچ سەندووەتەوە، داهاتووی تەواوی نەوەیەکییان خستووەتە مەترسییەوە و ئەفغانستانییان کردووە بە تەنها وڵاتێک لە جیهاندا کە ڕێگە بە خوێندنی کچانی تەمەن 12 ساڵ و سەرووتر نەدا.

بەرپرسانی تالیبان ڕەخنەکان لەسەر چۆنێتی فەرمانڕەواییەکەیان ڕەت دەکەنەوە و دەڵێن دەستوەردانن لە کاروباری ناوخۆی وڵاتەکەدا و داکۆکی لە سیاسەتەکانییان دەکەن، دەڵێن سیاسەتەکانییان لەگەڵ کلتوری ئەفغانستان و یاسای ئیسلامیدا دەگونجێن.

لە ماوەی دەسەڵاتەکەی پێشووی تاڵیباندا لە ساڵی 1996 ەوە بۆ ساڵی 2001، وەزارەتی هاندان بۆ چاکە و ڕێگریکردن لە خراپەکانی ناوبانگی دەرکردبوو بە سوکایەتیپێکردنەکانی. بە تایبەتی ژنان و کچان، کە لەو کاتەدا بە تەواوەتی خوێندن و کارکردنییان لەسەر قەدەغەکرابوو.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا