تاڵیبانی ئەفغانستان یارمەتی فریاگوزاری ڕەوانەی تورکیا و سوریا دەکات

وەزارەتی دەرەوەی تاڵیبانی ئەفغانستان دەڵێت بەڕێوبەرایەتییەکەی تاڵیبان نزیکەی 165,000 دۆلار وەکو یارمەتی ڕەوانەی سوریا و تورکیا دەکات تاوەکو یارمەتی ئەو وڵاتانە بدات کە بەهۆی بومەلەرزەکەوە زیانێکی گەورەیان بەرکەوتووە.

جێی ئاماژەیە ئەفغانستان خۆی لە قەیرانێکی مرۆیی و ئابووری گەورەدایە و یەکێکە لەو شوێنانەی گەورەترین پڕۆگرامی یارمەتیە مرۆییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکانی تێدایە. تاڵیبان دوای کشانەوەی هێزە بیانییەکان لە ئەفغانستان لە ساڵی 2021 دا کۆنتڕۆڵی ئەفغانستانی کردەوە، ئەوەش بووە هۆی سەپاندنی سزا بەسەر کەرتەکانی بانکی ئەو وڵاتە و تاوەکو ئێستا هیچ وڵاتێک بە فەرمی دانی بە حکومەتەکەیدا نەناوە.

وەزارەتی دەرەوەی تاڵیبان وتی " ئیماڕاتی ئیسلامی ئەفغانستان یارمەتییەکی فریاگوزاری بە بڕی 111,024 دۆلار و 55,512 ملیۆن دۆلار بۆ تورکیا و سوریا دەنێرێت، ئەوەش بەهۆی بەها هاوبەشە مرۆییە و برایەتییە ئیسلامییەکەی نێوانمانەوە."

تاوەکو ئێستا زیاتر لە 9600 کەس بەهۆی بومەلەرزەکەی تورکیا و سوریاوە گیانیان لە دەستداوە، لە کاتێکدا کە تیمەکانی فریاکەوتن لە هەوڵی ڕزگارکردنی ئەو خەڵکانەدان کە هێشتا لە ژێر پاشماوەی بیناکاندا ماونەتەوە. دەیان هەزاران کەسی دیکە بریندار بوون و زۆرێکی دیکە بەبێ ماڵ لە سەرمادا ماونەتەوە.

لە ئەفغانستانیش لەم هەفتانەی ڕابردوودا بەهۆی سەرمای وەرزی زستان و قەیرانی ئابوورییەوە سەدان کەس گیانیان لە دەستداوە.

زۆرێک لە ڕێکخراوە مرۆییەکانی ناو ئەفغانستان بەشێک لە ئەرکەکانیان لە ئەفغانستان ڕاگرتووە، ئەوەش بەهۆی بڕیارەکانی تاڵیبانەوە سەبارەت بەوەی نابێت ژنان لە ڕێکخراوە مرۆییە ناحکومییەکاندا کاربکەن، ئەوەش وایکرد ڕێکخراوەکان نەتوانن بە باشی کارەکانیان بەڕێوە ببەن. وڵاتانی ڕۆژئاواش دەڵێن تاوەکو تاڵیبان سیاسەتەکانی بەرامبەر مافەکانی ژنان نەگۆڕێت بە فەڕمی دان نانێین بە حکومەتەکەیدا.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز