تاڵیبان پلانی هەیە بنکە سەربازییەکانی پێشووی هاوپەیمانان بکات بە ناوچەی ئابووری تایبەت

بنکەی سەربازیی باگرام، هەرێمی پاروان

جێگری سەرۆک وەزیری تاڵیبانی ئەفغانستان بۆ کاروباری ئابووری لە بەیاننامەیەکدا وتی بەڕێوبەرایەتییەکەی تاڵیبان پلانی هەیە بنکە سەربازییەکانی پێشووی هێزەکانی هاوپەیمانان لە ئەفغانستان بکات بە ناوچەی ئابووری تایبەت بۆ کارەکان.

وەزیری کاربەڕێکەری بازرگانی تاڵیبان لە مانگی دوانزەدا بە ڕۆیتەرزی وت وەزارەتەکەی کار لەسەر پلانێک دەکات بۆ بنکەکانی پێشووی ئەمەریکا و پێشکەشی کابینەی حکومەت و لیژنەی ئابووری دەکات کە جێگری سەرۆک وەزیر مولا عەبدول غەنی بارادار ڕابەرایەتی دەکات.

مولا بارادار لە بەیاننامەیەکدا وتی " دوابەدوای گفتوگۆیەکی چڕ، بڕیاردرا وەزارەتی پیشەسازی و وەزارەتی بازرگانی کۆنتڕۆڵی بنکە سەربازییەکانی هێزە بیانییەکان بکەن بە نیازی ئەوەی بیانگۆڕن بۆ ناوچەی تایبەتی ئابووری."

وتیشی بەپێی پلانەکە بنکەکانی کابوڵ و هەرێمی باڵخی باکوور دەگۆڕدرێن بۆ ناوچەی ئابووری تایبەت.

تاڵیبان لە مانگی هەشتی ساڵی 2021 دا کۆنتڕۆڵی ئەفغانستانی کردەوە دوای ئەوەی هێزە بیانییەکان ئەو وڵاتەیان جێهێشت، لەو کاتەوە ئابووری ئەفغانستان لە دۆخێکی خراپدایە و دەزگا مرۆییەکانیش هۆشداری دەدەن لەسەر قەیرانێکی مرۆیی توند لەو وڵاتەدا.

گرتنەوەی دەسەڵاتی ئەفغانستان لەلایەن تاڵیبانەوە بووە هۆی پچڕانی یارمەتییە داراییەکان بۆ گەشەپێدانی ئەفغانستان و سەرمایەکانی ئەفغانستان لە بانکەکانی دەرەوە سڕکران و سزا بەسەر کەرتی بانکی ئەو وڵاتەدا سەپێندرا.

بڕیارەکەی ساڵی ڕابردووی تاڵیبان بۆ قەدەغەکردنی کاری کارمەندانی ژن لە ناو ڕێکخراوە ناحکومییە ناوخۆیی و بیانییەکاندا وایکرد ڕێکخراوە بیانییەکان کارەکانیان لە ئەفغانستان ڕابگرن، لە هەمان کاتیشدا ملیۆنان هاوڵاتی لە ئەفغانستان پشتییان بە یارمەتییە مرۆییەکان بەستووە.

تاڵیبان وتوویەتی سەنگییان خستۆتە سەر ئەوەی لە ڕووی ئابوورییەوە پشت بە خۆیان ببەستن، ئەوەش لە ڕێی بازرگانی و وەبەرهێنانەوە. هەندێک لە وەبەرهێنەرە بیانییەکان نیگەرانییان دەربڕیوە سەبارەت بە زنجیرەیەک هێرش لە ناو ئەفغانستاندا، لەوانەش هێرشەکەی سەر هۆتێلە بە ناوبانگەکەی خاوەن کارە چینییەکان کە ڕێکخراوی داعش بەرپرسیارێتی ئەو هێرشەی ڕاگەیاند.

بەڵام بانکی جیهان ئاماژەی بەوە داوە هەناردەکان لە ئەفغانستان زیادیکردووە و بەڕێوبەرایەتییەکەی تاڵیبان توانیویەتی بە شێوەیەکی بەرچاو داهاتی وڵاتەکە لە ساڵی 2022 بە جێگیری بهێڵێتەوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز