کۆشکی سپی: تاڵیبان بەڵێنی دابینکردنی " ڕێڕەوێکی پاریزراو " دەدات بۆ فڕۆکەخانەی کابوڵ

ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی ئەمەریکا جەیک سۆلیڤان

ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی ئەمەریکا جەیک سۆلیڤان وتی تاڵیبان بە ئەمەریکای ڕاگەیاندووە ڕێڕەوێکی پارێزراو بۆ ئەو هاوڵاتیە مەدەنیانە دابین دەکات کە دەیانەوێت بگەنە فڕۆکەخانەی کابوڵ.

سۆلیڤان لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لە کۆشکی سپی بە ڕۆژنامەنووسانی وت ئەمەریکا پێی وایە هێنانە دەرەوەی هاوڵاتیان لە کابوڵ تاوەکو 31 ی مانگی هەشت بەردەوام دەبێت، هەروەها ئەوەشی خستەڕوو ئەمەریکا لەگەڵ تاڵیباندا لە گفتوگۆدان سەبارەت بە کاتی دیاریکراو بۆ تەواوبوونی ئەرکەکانی هێنانە دەرەوەی هاوڵاتیە مەدەنییەکان.

جێی ئاماژەیە دوای ڕووخانی حکومەتی ئەفغانستان و سوپای وڵاتەکە، هەزاران سەربازی ئەمەریکی ڕەوانەی کابوڵ کراون تاوەکو یارمەتی بدەن لە ئەرکەکانی گواستنەوەی ئەو هاوڵاتیانەدا.

سۆلیڤان وتی " تاڵیبان پێی ڕاگەیاندین ئامادەن ڕێڕەوێکی پارێزراو بۆ هاوڵاتیانی مەدەنی دابین بکەن تاوەکو بگەنە فڕۆکەخانەکە، ئێمەش بەنیازین ئەو پابەندبوونەیان لێوەرگرین."

وتیشی " پێمان وایە ئەمە تاوەکو 31 ی مانگی هەشت بەردەوام دەبێت. لە ئێستادا قسەیان لەگەڵدا دەکەین لەسەر ئەوەی بزانین تاوەکو کەی دەتوانین بەردەوام بین، هەروەها نامەوێت بە ئاشکرا باس لە باشترین ڕێگە بکەم بۆ هێنانە دەرەوەی زۆرترین کەس بەشێوەیەکی چالاکانە."

سۆلیڤان ئاماژەشی بەوەدا هێشتا زووە بپرسیت ئایا ئەمەریکا دان دەنێت بە تاڵیباندا وەکو دەسەڵاتێکی یاسایی لە ئەفغانستاندا یاخود نا.

وتی " لە ئێستادا بارودۆخەکە لە کابوڵ بێسەروبەرە و لەوێ هیچ دامەزراوەیەکی دەسەڵاتی فەرمانڕەوایی بوونی نیە، لەکۆتاییدا ئەوە دەکەوێتەوە سەر تاڵیبان پیشانی تەواوی جیهانی بدات ئەوان کێن و بەنیازن چۆن بەردەوام بن. مێژووییان باش نەبووە، بەڵام زۆر زووە لەم کاتەدا ئەو پرسیارە بکرێت."

سۆلیڤان ئاماژەشی بەوەدا زۆرینەی ئەو هاوڵاتیانەی ئەفغانستان کە دەیانەوێت وڵاتەکە جێبهێڵن توانیویانە بگەنە فڕۆکەخانەی کابوڵ، بەڵام ئەمەریکا لەگەڵ تاڵیباندا باسی لە هەندێک هەواڵ کردووە لەسەر ئەوەی هەندێک لەوانەی ویستوویانە بگەنە فڕۆکەخانەکە گەڕێندراونەتەوە.

وتەبێژی کۆشکی سپی جێن ساکی وتی نزیکەی 11,000 کەس لە ئەفغانستان خۆیان وەکو ئەمەریکی ناساندووە، وتیشی پێدەچێت زیاتر هەبن " کە خۆیان نەناساندووە و لەوانەیە داوای یارمەتی بکەن و بێن بۆ فڕۆکەخانە."

ساکی وتی ئەمەریکا سەرەتا هاوڵاتیانی ئەمەریکی و کارمەندانی باڵیۆزخانە و خێزانەکانیان و کارمەندانی ئەفغانی و ئەو کەسانەی داوای ڤیزای کۆچبەری تایبەتیان کردووە لە ئەفغانستان دەهێنێتە دەرەوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز