ته‌ها حه‌سه‌نیانی: دوکتۆر قاسملوو باوه‌ڕمه‌ند بوو که‌ مرۆڤه‌کان ده‌توانن له‌سه‌ر مێزی گفتوگۆ به‌ ئاکام بگه‌ن

ته‌ها حه‌سه‌نیانی: دوکتۆر قاسملوو باوه‌ڕمه‌ند بوو که‌ مرۆڤه‌کان ده‌توانن له‌سه‌ر مێزی گفتوگۆ به‌ ئاکام بگه‌ن

22 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر له‌ رۆژی 22 ی پووشپه‌ڕی ساڵی 1368ی هه‌تاوی به‌رامبه‌ر به‌ 13ی مانگی حه‌وتی 1989ی زاینی، سکرتێری گشتی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، دوکتۆر عه‌بدولڕه‌حمانی قاسملوو، له‌گه‌ڵ هاڤاڵه‌که‌ی کاک عه‌بدوڵا قادری ئازه‌ر و دۆستێکی تری دوکتۆر فازڵ ڕه‌سووڵ له‌ لایه‌ن نێردراوانی کۆماری ئیسلامی له‌ شاری ڤیه‌نـنای پایته‌ختی نه‌مسا (ئوتریش) دا له‌سه‌ر مێزی وتووێژ کوژران.

ته‌ها حه‌سه‌نیانی ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی میدیای که‌مینه‌ نه‌ته‌وه‌یی‌یه‌کان بنکه‌ له‌ که‌نه‌دا پێی وایه‌ میدیا له‌ باسکردن، هێنانه‌ گۆڕ و راپۆرتکردنی کاره‌ساتی ئه‌وتۆ نه‌خشێکی گرنگی هه‌یه‌.

حه‌سه‌نیانی شیده‌کاته‌وه‌ که‌ ئێستا پـێشـوه‌چوونی ده‌زگاکانی راگه‌یاندن له‌ ئاگاداکردنه‌وه‌ و وریاکردنه‌وه‌ی خه‌ڵک له‌ تێڕۆر و پـێشێلکردنی مافه‌کانی مرۆڤ له‌ لایه‌ن کوماری ئیسلامیه‌وه‌ له‌ چاو ساڵانی پێشوو نه‌خشی به‌رچاوتریان هه‌بووه‌ به‌ تایبه‌ت سه‌باره‌ت به‌ ئه‌و تێرۆرانه‌ی له‌ ده‌یه‌ی ساڵه‌کانی 1990 له‌ دژی رێبه‌ران و که‌سایه‌تیـیه‌کانی کورد و ئێرانی به‌ڕێوه‌چوون. وه‌ک حه‌سه‌نیانی ئاماژه‌ی پێ‌ده‌کات ئه‌گه‌ر میدیا ئه‌و ڕێبازه‌ بگرێته‌ به‌ر له‌ ئاکامدا ناهێڵێت ڕووداوی دڵته‌زێنی ئه‌وتۆ و هی تری له‌م شێوه‌یه‌ له‌ ژیر به‌رژه‌وه‌ندی سیاسی به‌ بێ ده‌نگی بمێنێته‌وه‌. رۆژنامه‌وان حه‌سه‌نیانی به‌ سه‌نگ خستنه‌ سه‌ر‌ ڕۆڵی میدیا بۆ وه‌بیرهینانه‌وه‌ی پێ شێکردنه‌کانی مافه‌کانی مرۆڤ وه‌ک خۆی ده‌ڵێت، " ده‌توانێت پێش به‌ جینایه‌ته‌کانی دیکه‌ له‌ داهاتوودا و له‌ ئێستادا بگرێت یان هه‌ر نه‌بێت که‌میان بکاته‌وه‌".