بەڕێوبەری جێبەجێکاری بەرنامەی تێلیگرام لە فەڕەنسا دەستگیر دەکرێت

پاڤێل دورۆڤ

دوو سەرچاوە بە ڕۆیتەرزییان ڕاگەیاند پاڤێل دورۆڤی ملیاردێری ڕووسیایی و خاوەنی بەرنامەی نامە ناردنی تێلیگرام لە فڕۆکەخانەی لو بۆرگێتی دەرەوەی پاریس دەستگیرکراوە، ئەوەش بە ماوەیەکی کورت دوای ئەوەی بە فڕۆکەیەکی تایبەت نیشتووەتەوە و دەستبەسەرکراوە.

دەستگیرکردنی دورۆڤی ملیاردێری تەکنەلۆجیا بووە هۆی ئەوەی ڕۆژی یەکشەممە ڕووسیا هۆشداری بداتە پاریس لەسەر ئەوەی دەبێت دورۆڤ مافەکانی خۆی پێبدرێت.

فەڕەنسا بە فەڕمی دەستگیرکردنەکەی پشتڕاست نەکردەوە، بەڵام سەرچاوەیەکی پۆلیسی فەڕەنسا و سەرچاوەیەکی ڕووسیایی کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت وتییان دورۆڤ بە ماوەیەکی کورت دوای ئەوەی گەیشتووەتە فڕۆکەخانەکە دەستگیرکراوە.

دورۆڤ کە ڕەگەزنامەی فەڕەنسایی و ئیماڕاتیشی هەیە، لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەیەکی سەرەتایی پۆلیسدا دەستگیرکراوە لەسەر ئەوەی گوایە ڕێگەیداوە بە ڕوودانی کۆمەڵێک تاوان بەهۆی نەبوونی بەڕێوبەرەوە لە تێلیگرام و هەروەها هاریکاری نەکردن لەگەڵ پۆلیسدا، ئەمەش بەپێی سەرچاوەیەکی دیکەی پۆلیسی فەڕەنسا.

یاسادانەری ڕووسیایی ماریا بوتینا بە ڕۆیتەرزی وت " پاڤێل دورۆڤ زیندانییەکی سیاسییە، قوربانییەکی دەستی ڕۆژئاوایە."

بوتینا لە ئەمەریکا لە زینداندا بوو بەهۆی ئەوەی وەکو بریکارێکی تۆمار نەکراوی ڕووسیا کاری کردووە، پێی وایە دەستگیرکردنەکە لە چوارچێوەی هەوڵێکی ڕۆژئاوادا بووە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی تێلیگرام.

تێلیگرام کە بنکەکەی لە دوبەیە، لەلایەن دورۆڤەوە دامەزرا کە لە ساڵی 2014 دا ڕووسیای بەجێهێشت دوای ئەوەی ڕازی نەبوو پابەندی داواکارییەکان بێت بۆ داخستنی هەژمارەکانی ئۆپۆزسیۆن لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ڤی کەی، دورۆڤ ئەو تۆڕە کۆمەڵایەتییەی فرۆشتووە.

تێلیگرام نزیکەی یەک ملیار بەکارهێنەری هەیە و زیاتر لە ڕووسیا و ئۆکرانیا و وڵاتانی پێشووی یەکێتی سۆڤیەت بەکاردەهێندرێت. یەکێکە لە گەورەترین سەکۆکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و لە دوای فەیسبووک و یوتیوب و وەتسئەپ و ئینستاگرام و تیکتۆک و ویچاتەوە دێت.

دورۆڤ بیرۆکەی ئەپێکی نامە ناردنی کۆدکراوی بۆ هات وەکو ڕێگەیەک بۆ پەیوەندیکردن بەوانی دیکەوە، لە کاتێکدا کە لە ڕووسیا لە ژێر فشاردا بوو. برا بچووکەکەی، نیکۆلای، دیزاینی کۆدکردنەکەی کرد.

دورۆڤ لە مانگی چواردا سەبارەت بە دەرچوونی لە ڕووسیا و گەڕان بە دوای ماڵێکدا بۆ کۆمپانیاکەی لە بەرلین و سینگاپوور و سان فرانسیسکۆ وتی " پێم باشترە ئازاد بم وەک لەوەی فەرمان لە هەر کەسێکەوە وەربگرم."

دوای دەستپێکردنی داگیرکارییەکەی ڕووسیا لە ئۆکرانیا لە مانگی دووی ساڵی 2022 دا، تێلگرام بووە سەرچاوەی سەرەکی ناوەڕۆکە بێ فیلتەر و هەندێک کات گرافیک و چەواشەکارەکان سەبارەت بە جەنگەکە و ئەو سیاسەتانەی کە لە دەوری جەنگەکەن.

هەندێک لە شرۆڤەکاران دەڵێن تێلیگرام " گۆڕەپانێکی شەڕی ئۆنلاینە " بۆ جەنگەکە، کە بە شێوەیەکی بەرچاو لەلایەن سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکی و بەرپرسەکانی و حکومەتی ڕووسیاوە بەکاردەهێندرێت.

وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا تێبینییەکی ناردووە بۆ پاریس و داوا دەکات دەستی بگات بە دورۆڤ، هەرچەندە وتووشییەتی کە دورۆڤ ڕەگەزنامەی فەڕەنسایی هەیە.

سەرۆکی پێشووی ڕووسیا دمیتری مێدڤیدیڤ وتی دورۆڤ لێکدانەوەی هەڵەی کردووە کاتێک لە ڕووسیا هەڵات و بیری لەوە کردبووەوە کە هەرگیز هاریکاریی ناکات لەگەڵ دەزگا ئاسایشییەکانی دەرەوەدا.

مێدڤیدیڤ کە زۆر تێلیگرام بەکاردەهێنێت بۆ ڕەخنەگرتن و سوکایەتیکردن بە ڕۆژئاوا، وتی دورۆڤ دەیویست ببێتە " پیاوێکی زۆر زیرەکی جیهان کە زۆر بە خۆشی لە دەرەوە دەژی بەبێ خاکی دایک."

مێدڤیدیڤ وتی " ئەو لێکدانەوەی هەڵەی کرد. بۆ هەموو دوژمنە دیارەکانی ئێستامان، دورۆڤ ڕووسیاییە، لەبەرئەوەش پێشبینی نەکراو و مەترسیدارە."

ڕووسیا لە ساڵی 2018 دا دەستیکرد بە قەدەغەکردنی تێلیگرام دوای ئەوەی تێلیگرام ڕەتی کردەوە پابەندی فەرمانێکی دادگا بێت بۆ ڕێگەدان بە دەستڕاگەیشتنی دەزگاکانی ئاسایشی ڕووسیا بە نامە " کۆدکراوەکانی " بەکارهێنەرەکانی.

ئەو قەدەغەکردنە کاری کردە سەر خزمەتگوزارییەکانی لایەنی سێیەم، بەڵام کاریگەرییەکی کەمی هەبوو لەسەر بەردەستبوونی تێلیگرام لە ڕووسیا. بەڵام بڕیاری قەدەغەکردنەکە بووە هۆی خۆپیشاندانی سەرتاسەری لە مۆسکۆ و ڕەخنەی ڕێکخراوە ناحکومییەکان.

بەپێی میدیاکانی فەڕەنسا و ڕووسیا، دورۆڤ کە لە دوبەی دەژی لە ئازەربایجانەوە گەشتی کردبوو بۆ فەڕەنسا و لەوێ دەستگیرکراوە.

تێلیگرام دەڵێت " پابەندە بە پاراستنی تایبەتمەندی بەکارهێنەران و مافەکانی مرۆڤی وەکو ئازادی ڕادەربڕین و گردبوونەوەوە."

دورۆڤ پێشتر دەزگاکانی جێبەجێکردنی یاسای ئەمەریکای تۆمەتبار کردبوو بە تۆمەتی هەوڵدان بۆ دەستڕاگەیشتن بە ناو تێلیگرام.

زیادبوونی ناوبانگی تێلیگرام وای کردووە لە چەندین وڵاتی ئەوروپادا ڕووبەڕووی وردبینی ببێتەوە، بە فەڕەنساشەوە کە هۆکارەکەی دەگەڕێنێتەوە بۆ نیگەرانییەکانی سەبارەت بە ئاسایش و دزەکردنی داتاکان.

ئیلۆن مەسکی خاوەنی تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس دوای هەواڵەکان لەسەر دەستگیرکردنی دورۆڤ وتی " ساڵی 2030 ە لە ئەوروپا و لەسەر لایک کردنی میمییەک لە سێدارەدەدرێیت."

لە دەرەوەی باڵیۆزخانەی فەڕەنسا لە مۆسکۆ، خۆپیشاندەرێک بە تەنها دروشمێکی بەرز کردبووەوە و لەسەری نوسرابوو " پاڤێل دورۆڤ ئازاد بکەن."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز