وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا هێرشەکانی نێو بەغدا بە توندی مەحکوم دەکات

تەرمی هەندێک لە کوژراوانی دوو تەقینەوەکەی پێنچشەمە ٢١ی مانگی یەکی ٢٠٢١ی زاینی لە بەغدا

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە ڕاگەیەندنێکی رۆژنامەوانی دا هەڵویستی سەبارەت بە دوو تەقینەوە دەربڕی کە رۆژی پێنج شەمە لە بەغدا روویان دا.

دانیەل بی، سمێت کە بە شێوەی کاتی کارەکانی وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بەڕێوەدەبات، ڕۆژی پێنج شەمە لە ڕاگەیاندنێکدا کە لە سەر ماڵپەری فەرمی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکادا بڵاوبۆتەوە دەڵێت:

"ئێمە بەتوندترین شێوە هێرشەکانی تێرۆریستی ئەمرۆ لە بەغدا دا مەحکوم دەکەین. دوو رووداوی تەقینەوە لانی کەم ٣٢ کەسیان کوشت و ژمارەیەکی زیاتریشیان بریندار کرد. ئەو تەقینەوانە کرداری کوشتنی بە کۆمەڵ و وەبیرهێنەرەوەیەکی گەلێک ناخۆشی تێروریزمە کە هەروا درێژەی هەیە و هەرەشە لە ژیانی عیراقییەکانی بێ تاوان دەکات. ئێمە سەرەخۆشی قووڵی خۆمان بۆ بنەمالەکانی قوربانیان دەنێرین و هیوادارین ئەوانەی بریندارن بە زوویی چاک ببنەوە."