لە ڕووداوێکی تەقەکردندا لە مۆڵێک لە تێکساس لانیکەم 8 کەس کوژراون

پۆلیس دەڵێت چەکدارێک لە مۆڵێکی قەرەباڵغدا لە باکووری داڵاسی ویلایەتی تێکساس تەقەی کردووە و هەشت کەسی کوشتووە و لانیکەم حەوت کەسی دیکە بریندار بوون.

سەرۆکی پۆلیسی شاری داڵاس بڕایان هارڤی لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا وتی چەکدارەکە کە بەرپرسان پێیان وایە بە تەنها ئەو کارەی کردووە و تاوەکو ئێستا پاڵنەری بۆ ئەنجامدانی ئەو کارە ڕوون نەبۆتەوە، دوای ئەوەی لە دەرەوەی مۆڵی ئالین پریمیوم ئاوتلێتس دەستی بە تەقەکردن کردووە لەلایەن ئەفسەرێکی پۆلیسەوە کوژراوە.

سەرۆکی بەڕێوبەرایەتی ئاگرکوژێنەوەی ئالین جۆن بۆید لە هەمان کۆنفرانسی ڕۆژنامەوانیدا وتی بەڕێوبەرایەتییەکەی لانیکەم نۆ قوربانی گواستۆتەوە بۆ نەخۆشخانەکان.

بۆید وتی دووان لە بریندارەکان لە نەخۆشخانەیەک گیانیان لە دەستدا، سێ بریندارەکەی دیکە لە بارودۆخێکی خراپدان و چوارەکەی دیکە باردوخییان جێگیرە.

مێدیکاڵ سیتی هێڵثکەیر کە 16 نەخۆشخانە لە ناوچەکەدا بەڕێوەدەبات، وتی ناوەندەکانی تراوما لە نەخۆشخانەکانیدا چارەسەری هەشت بریندارییان کردووە، بریندارەکان تەمەنیان لە نێوان 6 ساڵ بۆ 61 ساڵدایە.

دادوەری شارۆچکەی کۆڵن، کریس هیڵ، کە بەرپرسی باڵای ئەو شارۆچکەیەیە کە مۆڵەکەی تێدایە، ستایشی پۆلیس و تیمەکانی دیکەی کرد، بەڵام توڕەیی خۆی دەربڕی دژی " ئەو کەسانەی کە لە شوێنەکانی خۆماندا کاری خراپ دژی کۆمەڵگەکەمان دەکەن."

لە هەواڵێکی جیادا پۆلیسی شاری فریسکۆی ویلایەتی تێکساس کە نزیکە لە شارۆچکەی ئالینەوە وتی مۆڵی سۆنبڕایەرییان چۆڵکردووە دوای ئەوەی هەواڵی ڕووداوێکی تەقەکردنییان لەوێ بیستووە. بەڵام ڕوون نیە کە ئایا بە ڕاستی تەقەکردن لەو مۆڵەدا ڕوویداوە یاخود نا.

فەرمانڕەوای ویلایەتی تێکساس گرێگ ئابوت تەقەکردنەکەی بە " تراجیدیایەک " ناوبرد کە ناتوانرێت باس بکرێت. وتی ویلایەتەکە ئامادەیە هەر یارمەتییەک پێویست بێت بۆ بەرپرسانی ناوخۆی دابین بکات.

شارۆچکەی ئالین لە تێکساس نزیکەی 100,000 کەسی تێدا دەژی.

ڕووداوەکانی تەقەکردن بووەتە شتێکی باو لە ئەمەریکادا، بەپێی ئەرشیفی توندوتژییەکانی چەک تاوەکو ئێستا لەم ساڵدا لانیکەم 193 کەس بەهۆی ڕووداوەکانی تەقەکردنەوە گیانیان لە دەستداوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز