وتەبێژی هێزەکانی تیگرای لە باکووری ئیسیوپیا دەڵێت وەکو بەشێکی سەرەکی لە ڕێککەوتنەکەیان لەگەڵ حکومەتی ئیسیوپیادا کە ساڵی ڕابردوو واژۆ کرا و کۆتایی بە شەڕە دوو ساڵەییەکەی نێوانیانی هێنا، هێزەکانی تیگرای چەکە قورسەکانیان ڕادەستی حکومەت کردۆتەوە.
وتەبێژی هێزەکانی تیگرای گیتاچیو ڕیدا وتی تیمێکی چاودێری یەکێتی ئەفریکا ڕادەستکردنی چەکەکانی پشتڕاست کردەوە. وتیشی هیوادارە ئەوە هەنگاوێک بێت بۆ " جێبەجێکردنی تەواوی ڕێککەوتنەکە."
هێزەکانی تیگرای بە تایبەتی دەیانەوێت هێزەکانی وڵاتی ئیتریا لە ناوچەکانیان بکشێنەوە، هێزەکانی ئەو وڵاتە لەگەڵ هێزەکانی ئیسیوپیادا دژی هێزەکانی تیگرای دەجەنگان، بەڵام بەشێک نەبوون لە ڕێککەوتنەکە. شایەتحاڵان بە دەزگای هەواڵی ئەسۆشیەتد پرێسییان وتووە کە چەکدارەکانی ئیتریا لە هەندێک لە ناوچەکاندا ماونەتەوە.
نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەمەریکا دەڵێن بەهۆی ململانێکەی ناو ئیسیوپیاوە سەدان هەزاران کەس گیانیان لە دەستداوە. لە ئێستادا خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان و گەشتەکان و یارمەتییە مرۆییەکان دەگەنە هەرێمی تیگرای کە لە ماوەی شەڕەکەدا ڕاگیرابوون و زیاتر لە 5 ملیۆن کەسیش لەو هەرێمەدا دەژی.
سەرچاوە/ AP