وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا ڕایگەیاند سزای سەپاندووە بەسەر کۆمپانیایەک و گروپـێک و 45 کەس کە کاری هاککردن و سیخوڕی سەر ئنتەرنێت بۆ حکومەتی ئێران دەکەن.
وەزارەتەکە ئەمڕۆ پـێنجشەممە لە بەیاننامەیەکدا نووسیویەتی سزای سەپاندووە بەسەر گروپی ئێرانی ناسراو بە Advanced Persistent Threat 39 یان (APT39) و 45 کەس کە کاری بۆ دەکەن لەگەڵ کۆمپانیای (رایانش هوشمند رانا) ی ئێرانی.
بەپـێی بەیاننامەکە ئەمانە کار بۆ وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێران دەکەن و سیخوڕی بەسەر ئێرانی و خەڵکی بیانیش دەکەن و سەدان کەس و کۆمپانیا و دەزگایان لە زیاتر لە 30 وڵات کردووەتەوە ئامانج، لەوانە نزیکەی 15 کۆمپانیای ئەمەریکایی.
وەزارەتەکە دەڵێت کۆمپانیای رانا بۆ ئەم مەبەستە بەرنامەی سیخوڕی کۆمپیوتەری بەکارهێناوە و لەگەڵ گروپی APT39 سیخوڕیانکردووە بەسەر کەسانی ئۆپـۆزسیۆن و ڕۆژنامەوانانی ئێرانی و فەرمانبەرانی حکومەت و خوێندکاران و ڕێکخراوە ناحکومیـیەکان و پەنابەران و تەنانەت زانایانی ژینگە.
وەزارەتی خەزێنە دەشڵێت ژمارەیەک لەو کەسانەی لە ناو ئێراندا سیخوڕیـیان بەسەردا کراوە، لە لایەن ئیتلاعاتەوە دەستگیرکراون و ڕووبەڕووی ئازاری جەستەیی و دەروونی بوونەتەوە.