خەزێنەی ئەمەریکا بە هەماهەنگی لەگەڵ تورکیادا تۆڕێکی قاچاخی پەیوەست بە داعشەوە دەکاتە ئامانج

وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا ڕایگەیاند ئەمڕۆ ئەمەریکا سزای بەسەر چوار کەسدا سەپاندووە کە پەیوەندییان بە ڕێکخراوی داعشەوە هەیە لە عێراق و سوریادا، ئەو کەسانەشی تێدایە کە ئەندامن لە تۆڕێکی قاچاخچێتیکردن بە مرۆڤەوە و تۆڕەکەش پەیوەستە بە داعشەوە.

وتیشی لێکۆڵینەوەکان لەم ئامانجانە بە هەماهەنگییەکی نزیک بووە لەگەڵ حکومەتی تورکیادا، لە ئەنجامی ئەم هەماهەنگییە نزیکەدا، حکومەتی تورکیا لە ئێستادا ڕێوشوێنی ناوخۆیی خۆی دژی ئەم تۆڕە دەگرێتەبەر.

جێگری وەزیری خەزێنەی ئەمەریکا بۆ کاروباری تیرۆر و دارایی هەواڵگری بڕایان نیڵسن وتی " کارە بە هەماهەنگییەکەی ئەمڕۆ لەگەڵ تورکیادا پابەندبوونی بەردەوامی ئێمە دەردەخات بۆ بەرگریکردن لە وڵاتەکەمان دژی سەرجەم مەترسییەکانی تیرۆر، بە ڕێکخراوی داعشیشەوە."

وتیشی " شان بە شانی هاوبەشەکانمان بە وریایی دەمێنینەوە و بەردەوام دەبین لە بەکارهێنانی سەرجەم ئامڕازەکانمان بۆ ناسینەوە و تێکدانی ئەو تۆڕە نایاساییانەی کە پشتیوانی لە ئۆپەراسیۆنەکانی ڕێکخراوی داعش دەکەن."

ئەوانەی سزایان بەسەردا سەپێندراوە بریتین لە ئۆلیمخۆن مەخمودیۆن ئوگلی ئیسماعیلۆڤ کە بەشدار بووە لە تۆڕەکەی پەیوەست بە داعشەوە بۆ قاچاخچێتیکردن بە مرۆڤەوە، محەمەد ئیبرۆهیمیۆن نیازۆڤ پشتیوانی لەم تۆڕە کردووە و بە جیا لە ڕووی بەڕێوبەرایەتی و لۆجیستیکەوە پشتیوانی لە ئەندامانی داعش کردووە لە تورکیادا، هەروەها محەمەدیوسوف ئالیشەر ئۆگلی میرزۆیڤیش سزای بەسەردا سەپێندراوە کە لە ناوەڕاستی ساڵی 2023 دا بەشدار بووە لە کارەکان بۆ دامەزراندنی کامپێکی مەشقی چەکدارانی داعش.

لەلایەکی دیکەوە وەزاتی دەرەوەی ئەمەریکا سزای بەسەر ئەمیری داعش لە جیۆرجیا ئادەم خامیرزایڤدا سەپاند، خامیرزایڤ ڕێنمایی بۆ ئەم تۆڕی قاچاخە دابین کردووە لە چالاکییەکاندا بۆ پشتیوانیکردن لە داعش.

سەرجەم موڵک و سەرمایە و بەرژەوەندی ئەو کەسانەی کە سزاکانییان بەسەردا سەپێندراوە لە ئەمەریکا سڕ دەکرێن، هەروەها قەدەغەشی دەکات لەسەر هەر کەسێک مامەڵەیان لەگەڵدا بکات.