سێ زانا خەڵاتی نۆبڵی فیزیایان پێبەخشرا

زانای فەڕەنسی پیێر ئەگۆستینی و زانای هەنگاری – نەمسایی فیرینس کراوس و زانای فەڕەنسی – سویدی ئان لولیێر، خەڵاتی نۆبڵی فیزیایان پێبەخشرا، ئەوەش لەسەر توێژینەوەکانییان لەسەر ئامڕازەکانی گەڕان بە دوای ئەلیکترۆنەکانی ناو ئەتۆم و گەردەکاندا " مۆڵیکوڵەکان."

لیژنەی بەخشینی خەڵاتەکە وتی سێ زاناکە ستایش کران لەسەر " ئەو ڕێگا تاقیکارییانەی کە ترپەی ئەتۆچرکەی ڕووناکی دروست دەکەن بۆ توێژینەوە لە جووڵەی ئەلیکترۆنەکان لە ماددەدا." وتیشی توێژینەوەکە ئەگەری جێبەجێکردنی هەیە لە دەستنیشانکارییەکانی ئەلیکترۆنی و تەندروستیشدا.

وتیشی ئەتۆچرکە ئەوەندە کورتە بە جۆرێک لە چرکەیەکدا چەندین ئەتۆچرکە هەیە، لە کاتێکدا کە لە سەرەتای دروستبوونی گەردوونەوە کە دەکاتە 13 ملیار ساڵ لەمەوبەر، چرکە هەبووە.

لیژنەکە وتیشی توێژەرەوەکان " ڕێگەیەکییان دەرخستووە بۆ دروستکردنی ترپەی زۆر کورتی ڕووناکی کە دەکرێت بۆ پێوانەکردنی پڕۆسە خێراکان بەکاربهێندرێت، لەو پڕۆسانەدا کە ئەلیکترۆنەکان دەجووڵێن یاخود وزە دەگۆڕن."

ئاماژەشی بەوەدا توێژینەوەکەی سێ زاناکە " وایکردووە ئێستا بتوانرێت شیکاری بۆ پڕۆسەکان بکرێت کە ئەوەندە خێران پێشتر مەحاڵ بووە شوێنییان بکەوین."

سەرۆکی لیژنەی نۆبڵی فیزیا ئێڤا ئۆڵسن لە بەیاننامەیەکدا وتی " ئێستا دەتوانین دەرگای جیهانی ئەلیکترۆنەکان بکەینەوە. فیزیای ئەتۆچرکە دەرفەتێکمان دەداتێ بۆ تێگەیشتن لەو میکانیزمانەی کە لەلایەن ئەلیکترۆنەکانەوە فەرمانڕەوایی دەکرێن."

لە سەرەتای ساڵەکانی 2000 ەکاندا، ئەگۆستینی و کراوس کارییان لەسەر چەند تاقیکارییەک کرد کە بووە هۆی ئەوەی بتوانرێت ترپەی ڕووناکی جیا بکرێتەوە، ترپەکە تەنها چەند سەد ئەتۆچرکەیەکی کەمی خایاندووە.

ئەگۆستینی پڕۆفیسۆرە لە زانکۆی ویلایەتی ئۆهایۆی ئەمەریکا، کراوس بەڕێوبەری ناوەندی ماکس پلانکە لە ئەڵمانیا.

لولیێریش پێنجەمین ژنە لە ساڵی 1901 ەوە خەڵاتی نۆبڵی فیزیای پێبدرێت، لولیێر پڕۆفیسۆرە لە زانکۆی لوند لە سوید.

جێی ئاماژەیە ڕۆژی دووشەممە خەڵاتی نۆبڵی تەندروستی بەخشرا و ڕۆژی سێشەممە خەڵاتی نۆبڵی فیزیا بە دوایدا هات. ڕۆژی چوارشەممەش خەڵاتی نۆبڵی کیمیا دەبەخشرێت و ڕۆژی پێنجشەممە و هەینیش خەڵاتەکانی نۆبڵی ئەدەب و ئاشتی ڕادەگەیەندرێن.

سەرچاوە/ فرانس پرێس