ترامپ دەیەوێت بە خێرایی کۆتایی بە جەنگەکەی غەززە بهێنێت

سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ پەرۆشی خۆی دەربڕیوە بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگەکەی ناو غەززە بە زووترین کات، تەنانەت لە کاتێکدا کە بەڕێوبەرایەتییەکەی بایدن بەردەوامە لە دوایین هەوڵە دیپلۆماسییەکانی بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی ئاگربەست.

پێشتر لەم هەفتەیەدا ترامپ وتی ئەگەر ئەو بارمتانەی کە حەماس گرتوونی تاوەکو 20 ی مانگی یەکی ساڵی 2025 ئازاد نەکرێن، ئەوا " دۆزەخ دروست دەبێت." ئەو ڕۆژەی کە تێیدا سوێندی یاسایی دەخوات و دەبێتە سەرۆکی ئەمەریکا.

ئەم ئاگادارکردنەوەیە هاوشێوەی ئەو هەڕەشەیەیە کە لە سەرەتای ئەم مانگە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوی کردبووەوە و وتی " دۆزەخ ئەو باجە دەبێت کە دەبێت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بدرێت و بۆ بەرپرسانیش کە ئەم تاوانانەیان دژ بە مرۆڤایەتی ئەنجامداوە. ئەوانەی بەرپرسن زۆر قورستر لێیان دەدرێت لە هەر کەسێک کە لە مێژووی درێژ و تۆمارکراوی ئەمەریکادا لێیان دراوە."

ڕوون نیە پلانەکانی ترامپ چین بۆ غەززە، کاتێک داوای لێکرا ڕوونکردنەوەیەک بدات لەسەر ئەو هەڕەشەیە، ترامپ وتی " مانای ئەوەیە کە خۆش نابێت."

ئەحمەد فواد ئەلخەتیبی ئەنجومەنی ئەتڵەسی وتی ڕەنگە ترامپ سەرچاوە ڕەوانە بکات بۆ ئەوەی فشاری سەربازیی بخاتە سەر حەماس. پێناچێت " هێندەی ئەوە توند بێت کە ئیسڕائیلییەکان لە ماوەی 14 مانگی ڕابردوودا خستوویانەتە سەر حەماس."

ئەلخەتیب بە دەنگی ئەمەریکای وت " ڕەنگە شتێکی دیکەش هەبێت کە هیوادارم ئەوە نەبێت، ڕەنگە هەندێک لەو یارمەتییە مرۆییانە کەم بکرێنەوە کە دەچنە ناو غەززەوە."

ئەلخەتیب وتی هەروەها ئەگەری هەیە کە هەڕەشەکانی ترامپ ئەو ئەندامانەی حەماسیش بگرێتەوە کە لە دەرەوەی غەززەن و ئەو وڵاتانەش کە پشتیوانییان لێدەکەن، ترامپ ڕەنگە فشار بخاتە سەر ئەو وڵاتانە تاوەکو یارمەتییە داراییەکانییان بۆ حەماس ڕابگرن. حەماس لەلایەن ئەمەریکاوە وەکو گروپێکی تیرۆریستی ناسێندراوە.

باڵی دەرەکی حەماس ڕەنگە زیاتر بکەوێتە ژێر فشارەکانی ئەمەریکاوە، لە کاتێکدا کە پشتیوانیکارەکەی، تاران، بەهۆی لاوازبوونی حزبوڵاوە لە لوبنان و دوورخرانەوەی بەشار ئەسەد لە سوریا، لاواز بووە. هاوشێوەی حەماس، حزبوڵا هاوپەیمانی ئێرانە و بەشار ئەسەدیش بە هاوپەیمانی بەهێزی ئێران دادەنرا.

بەڕێوبەری ناوەندی واشنتن بۆ پڕۆژەی سیاسەتی ڕۆژهەڵاتی نزیک بۆ پڕۆسەی ئاشتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەیڤد ماکۆڤسکی وتی هۆشدارییەکانی ترامپ " پەیامێکی ڕوون و ئاشکران بۆ خەڵکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەسەر ئەوەی کە ئەمەریکا دەیەوێت ئەمە تەواو بێت."

ماکۆڤسکی بە دەنگی ئەمەریکای وت ئەمەش وادەکات سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین نەتانیاهو لە نێوان دوو شتدا کاربکات، ڕازیکردنی باڵە ڕاستڕەوە توندڕەوەکەی ناو حکومەتەکەی کە هەوڵی دروستکردنی نیشتەجێکان دەدەن و هەوڵ دەدەن تەنانەت غەززەش بلکێنن بە ئیسڕائیلەوە، هەروەها ڕازیکردنی ترامپ کە دەیەوێت خۆی ببێتە هۆکار بۆ کۆتایی هێنان بە جەنگەکە و فراوانکردنی ڕێککەوتنەکانی ئابراهام تاوەکو سعودیەش لە خۆبگرێت.

ڕێککەوتنەکانی ئابراهام لە ساڵی 2020 دا لە ژێر یەکەمین بەڕێوبەرایەتییەکەی ترامپدا واژۆ کران و تێیدا ئیماڕات و بەحرەین و دواتر مەغریبیش پەیوەندییەکانییان لەگەڵ ئیسڕائیلدا ئاسایی کردەوە.

ماکۆڤسکی وتی " ترامپ حەزی بە دروستکردنی نیشتەجێی زیاتر و مانەوە نیە لە غەززەدا. پێم وایە ترامپ خەڵاتی نۆبڵی دەوێت بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی ئیسڕائیل لەگەڵ سعودیەدا. پێم وانیە ئەو دوو شتە لەگەڵ یەکتردا دەگونجێن."

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا