سەرۆک ترامپ لە دوا ساتەکانی بەڕێوەبەرایەتیـیەکەی لێبوردنی بۆ 73 کەس دەرکرد

سەرۆک ترامپ چەند کاتژمێرێک بەر لەوەی کۆتایی بە خولی سەرۆکایەتیـیەکەی بهێنێت لێبوردنی بۆ 73 کەس دەرکرد و هەروەها سزای سەر 70 کەسی دیکەی کەمکردەوە.

شەوی سێشەممە و لە ڕاگەیاندنێکدا لەسەر ماڵپەڕی کۆشکی سپی، هەواڵی لێبوردنی سەرۆک ترامپ لەو 73 کەسە بڵاوکرایەوە. لە نێواندا ستیفن بانۆن، ڕاوێژکاری پـێشووی ترامپ کە تۆمەتبارە بە گەندەڵی و خواردنی پـڕێک پارە کە دەڵێن بۆ دروستکردنی دیواری سەر سنووری ئەمەریکا لەگەڵ مەکسیک تەرخان کرابوو.

سکرتێری ڕاگەیاندنی سەرۆک لە ڕاگەیاندنەکەدا نووسیویەتی ترامپ لێبوردنی تەواوی بۆ ستیفن بانۆن دەرکردووە کە تۆمەتبارکراوە بە فرتوفیڵ بەهۆی بەشداریکردنی لە پـرۆژەیەکی سیاسی.

کەسێکی دیکەی لێبوردنی بۆ دەرکردووە، مەحمود ڕەزا بانکی کە ئەمەریکایـیەکی بە ڕەچەڵەک ئێرانیـیە و تۆمەتبارە بە پـێشێلکردنی سزا دارایـیەکانی سەر ئێران و درۆکردن لەگەڵ دادوەری ئەمەریکا.