ترامپ بە نیازە لە کۆتا کێبڕکێی کۆمارییەکاندا لە هێلی بباتەوە

دانۆڵد ترامپ دەیەوێت ڕۆژی سێشەممە بۆ دوایین جار لە ڕکابەرەکەی لە کێبڕکێی کۆمارییەکاندا بۆ هەڵبژاردنی بەربژێرێک بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمەریکا لە نیکی هێلی بباتەوە. لە کاتێکدا کە لە 15 ویلایەتدا هەڵبژاردن دەکرێت بۆ دەستنیشانکردنی کۆمارییەک بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمەریکا.

دانۆڵد ترامپ لە سەرەتاوە لە پێشەنگی کێبڕکێکەی نێوان کاندیدەکانی کۆمارییەکاندا بووە، ئەمەش سەرەڕای ئەوەی لە هەمان کاتدا ڕووبەڕووی چەندین تۆمەتی یاسایی بووەتەوە. تاوەکو ئێستاش لە سەرجەم کێبڕکێکانی ویلایەتەکاندا سەرکەوتوو بووە، لە ئێستادا تەنها نیکی هێڵی ماوەتەوە ڕکابەرایەتی بکات.

لە کاتێکدا کە ترامپ ڕۆژی سێشەممە ناتوانێت دەنگی نوێنەری تەواو بە دەستبهێنێت تاوەکو بە فەڕمی ببێتە بەربژێری کۆمارییەکان، بەڵام ئەگەر لە کێبڕکێکانی ڕۆژی سێشەممەدا جارێکی دیکە سەربکەوێتەوە ئەوا نزیک دەبێتەوە لەوەی ببێتە بەربژێری کۆمارییەکان بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمەریکا. کێبڕکێکانی ڕۆژی سێشەممە یەک لەسەر سێی نوێنەرەکانی تێدا دەبێت.

لە مانگی حەوتدا 2,429 نوێنەر لە سەرانسەری وڵاتەکەدا ڕەوانەی کۆنگرەی نیشتیمانی کۆمارییەکان دەکرێن، لەو کۆنگرەیەدا بەربژێری کۆمارییەکان بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمەریکا دەستنیشان دەکرێت.

ترامپ توانیویەتی لە هەڵبژاردنەکانی کۆمارییەکاندا لە چەندین ویلایەت لە هێلی بباتەوە و تاوەکو ئێستا هێڵی لە هیچ ویلایەتێکدا سەرکەوتنی بەسەر ترامپدا بە دەست نەهێناوە.

ترامپ لە هەموو سوپەر سێشەممەیەکدا کە لە یەک کاتدا چەندین ویلایەت دەنگدەدەن بۆ هەڵبژاردنی بەربژێری خۆیان بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمەریکا، سەرکەوتنی بەسەر هەیڵیدا بە دەستهێناوە. بەپێی ماڵپەڕێکی چاودێریکردنی دەنگدانەکان، لە کالیفۆرنیا و تێکساس کە پێکەوە 300 نوێنەرییان تێدایە، ترامپ بە 50 خاڵ لە پێش هەیڵییەوە بووە.

بەڵام هاوپەیمانەکانی هێڵی دەرفەتێکی بچووک دەبینن تاوەکو لە ویلایەتەکانی وەکو ڤێرجینا و ماساچوستس و ڤێرمۆندا بەسەر ترامپدا سەربکەوێت، ئەو ناوچانە خەڵکی دەوڵەمەند و دەرچووی زانکۆیان زیاتر تێدایە کە ئەو جۆرە خەڵکانە زیاتر پشتگیرییان لە هەیڵی کردووە.

کاتێک پرسیاری لێکرا سەبارەت بەوەی ئایا پەیوەندی بە هەیڵییەوە دەکات دوای ئەنجامەکانی ڕۆژی سێشەممە، ترامپ وتی سەنگەکەی لەسەر بایدنە.

ترامپ بە فۆکس نیوزی وت " پێم وایە لە سەرجەم ویلایەتەکاندا سەردەکەوین."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز