ترامپ دەڵێت ئەو تۆمەتانەی کە خراونەتە پاڵی بێ بنەما و گاڵتەجاڕیین

سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ

سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ لە یەکەمین دەرکەوتنیدا دوای ئەوەی ڕووبەڕووی چەند تۆمەتی فیدڕاڵی بووەوە ڕەخنەی توندی لە تۆمەتەکان گرت و وتی " بێ بنەما و گاڵتەجاڕیین ". وتیشی ئەو 37 تۆمەتەی ئاڕاستەی کراون هێرشێکە بۆ سەر لایەنگرەکانی.

دانۆڵد ترامپ لە میانەی وتارەکەیدا لە کۆنفرانسێکی کۆمارییەکان لە ویلایەتی جۆرجیا وتی ئەو تۆمەتانەی کە لەلایەن وەزارەتی دادەوە ئاڕاستەی کراون هەوڵێکن بۆ زیان گەیاندن بە دەرفەتی گەڕانەوەی بۆ کۆشکی سپی، لە کاتێکدا کە ئێستا لە هەوڵی ئەوەدایە دووبارە وەکو سەرۆکی ئەمەریکا هەڵبژێردرێتەوە.

ترامپ وتی " یەک لە دوای یەک تۆمەت دەخەنە پاڵم و هەوڵ دەدەن جووڵانەوەکەم ڕابگرن، هەوڵ دەدەن خواستی گەلی ئەمەریکی پووچەڵ بکەنەوە." دواتر بە خەڵکەکەی وت " لە کۆتاییدا ئەوان بە دوای منەوە نین، ئەوان بە دوای ئێوەوەن."

ترامپ لە کۆنفرانسەکەیدا لە جۆرجیا بە گەرمی پێشوازی لێکرا و چەپڵەی بۆ لێدرا، وتی لێکۆڵینەوەکان " لێدانێکی سیاسیین " و دوژمنە سیاسییەکانی تۆمەتبار کرد بە تۆمەتی ئەوەی هەوڵ دەدەن ڕێگری لێبکەن لەوەی دووبارە هەڵبژێردرێتەوە.

ترامپ وتی " ئەو تۆمەتە بێ بنەما و گاڵتەجاڕییانەی کە وەزارەتی نادادی بەڕێوبەرایەتییەکەی بایدن ئاڕاستەی کردووم وەکو یەکێک لە خراپترین سوکایەتییەکان بە دەسەڵات لە مێژووی وڵاتەکەماندا شکست دەهێنێت."

هەروەها سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن و هیلاری کلینتینشی تۆمەتبار کرد بە تۆمەتی ئەوەی بە شێوەیەکی خراپ مامەڵەیان لەگەڵ زانیارییە نهێنییەکاندا کردووە و سوور بوو لەسەر ئەوەی بە شێوەیەکی نادادپەروەرانە مامەڵەی لەگەڵدا کراوە لەبەر ئەوەی کە کۆمارییە.

سەرچاوە/ AP