کاردانەوەی مسوڵمانان لە سەرانسەری جیهان سەبارەت بە داواکاری دۆناڵد تڕەمپ دژ بە مسوڵمانان

مسوڵمانان لە سەرانسەری جیهان پێشنیارێکی دۆناڵد تڕمپ کاندیدی کۆماریەکانی ئەمەریکا بۆ سەرۆکایەتی وڵات یان شەرمەزارکرد کە داوای کردبوو ڕێگە لە هاتنەژورەوەی مسوڵمانان بگیرێت بۆ وڵاتی ئەمەریکا. مسوڵمانان لێدوانەکەی تڕەمپ یان بە ڕق و کینە و دژایەتی بەرامبەر ئیسلام لە قەڵەمدا.

دوابەدوای هێرشە تیرۆرستیەکانی هەفتەی ڕابردوو لە شاری سان بێرناردینۆی ویلایەتی کالیفۆرنیا، کە تیایدا ژن و مێردێکی مسوڵمان بوونە هۆی کوژرانی 14 کەس، تڕمپ پێشنیارێکی لە یەکێک لە گردبوونەوەکان کرد و داوایکرد "تەواو ڕێگری بکرێت لە هاتنی مسوڵمان بۆ ئەمەریکا."

دوابەدوای ئەم لێدوانە، پەیمانگای بەناوبانگی یاسای ئیسلامی لە وڵاتی میسر ، ناسراو بە (دار ئەلئیفتا)، ڕاگەیاندنێکی بڵاوکردەوە کە تێیدا هاتووە، "ئەم هەڵسوکەوتە دوژمنکارانەیە دژی ئیسلام و مسوڵمانان دەبێتە هۆی زیادکردنی ناکۆکی لە نێوان کۆمەڵگای ئەمەریکی کە نزیکی 8 ملیۆن مسوڵمانی دڵسۆز بۆ ئەمەریکای تێدایە."

هەروەها کەمال ناسڕ ئوسوڵی، ئەندامی پەرلەمانی ئەفغانستان، بە دەنگی ئەمەریکای وت، "ئەو[تڕەمپ] کەسێکی نەخۆشە." ئەو گوتیشی "لەو باوەڕەدام خەڵکی ئەمەریکا دەنگ بۆ کەسێکی ئاوا نادەن."

تاهیر ئەشرەف بە ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرزی گوت سەرۆکی دیوانی زانایانی ئیسلامی لە پاکستان، وتی کە ئەم لێدوانانەی تڕەمپ تەنیا دەبنە هۆی دروستکردنی ڕق و توندوتیژی. "ئەگەر سەرکردەیەکی ئیسلامی بانگەشەی شەڕ لە نێوان مسوڵمانان و مەسیحیەکان بکات ئێمە شەرمەزاری دەکەین. ئەی بۆ شەرمەزاری ئەمەریکیەک نەکەین ئەگەر لێدوانی وەها بدات؟"

هەروەها ئافتاب ئەحمەدخان شیرپاو وەزیری ناوخۆی پێشوی پاکستان بە هەمان شێوە وتی کە ئەمەریکا شوێن ئەو ئاڕاستەیە ناکەوێت کە تڕمپ گرتوویەتیەبەر.

شیرپاو بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "لەوانەیە بەو بیرەتەسکەی خۆی [تڕەمپ] پـێیوابێت سۆزی ئەمەریکیەکان بۆخۆی ڕادەکێشێت. بەڵام ئەو بەهەڵەداچووە چونکە خەڵکی ئەمەریکا باوەڕیان بە پێکەوەژیانی ئاینی هەیە."

تەڵعەت چاودەری، ئەندامی پەڕلەمانی پاکستان لەسەر لیستی پارتی ئەنجومەنی ئیسلامی دەستەڵاتدار، وتی لێدوانەکانی تڕمپ وێنەی ئەمەریکا لە جیهانی دەرەوە ناشیرین دەکات. ئەو بە دەنگی ئەمریکای وت، "خەڵك حەزدەکەن لە ئەمەریکا بژین و سەرسامن بە سیستەمی ئەمەریکا. بۆیە پێموایە ئەوەی تڕەمپ دەیکات دژی سیاسەت و وێنەی ئەمەریکایە.

لە وڵاتی ئیندۆنیسیا کە خاوەنی گەورەترین ڕێژەی مسوڵمانانە لە جیهاندا، ئارماناسا ناسڕ وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە ڕایگەیاند کە ئەو لێدوان لەسەر هەڵمەتی هەڵبژاردنی هیچ وڵاتێك نادات بەڵام جەخت لەسەر ڕۆڵی ئیندۆنیسیا دەکاتەوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر.

ناسڕ بە ڕۆیتەرزی وت، "کاری تیرۆرستی هیچ پەیوەندیەکی نیـیە بە هیچ ئاین و وڵات و نەتەوەیەک."

بەڵام ڕێکخراوە ئاینیەکانی ئیندۆنیسیا بە ڕاشکاوانە تر وەڵامی لێدوانەکانی تڕەمپاین دایەوە.

دین سیامسودین سەرۆکی ڕێکخراوی موحەمەدییە کە دووەم گەورەترین ڕێکخراوی ئیسلامی یە لە ئیندۆنیسیا لێدوانەکانی تڕەمپی بە گاڵتەوگەپ وەسفکرد. وتی، "جێگای پێکەنینە کە کەسێکی واهەبێت لە جیهانی مودێرن و پێشکەوتوو دا کە هێندە مێشک داخراوبێت و داوای قەدەغەکردنی کۆمەڵێک بکات لە چوون بۆ ئەمەریکا."

لە بەنگلادش خەڵک مەترسی خۆیان دەربڕی لە ئەگەری ئەوەی کە لێدوانەکانی ترەمپ ببنەهۆوی زیاتر ئاڵۆزبوونی پەیوەندی نێوان مسوڵمانان و جیهانی ڕۆژئاوا.

"ئێمە نیگەرانین لە لێدوانەکانی تڕەمپ. ئێمە هەروەها نیگەرانین بۆ کەسوکارمان کە لە ئەمەریکا دەژین" موحەمەد موسا کە خەڵکی بەنگلادیشە بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند.

شەهادەت حوسێن کە دانیشتوی باوچەی خولنای بەنگلادیشە بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "لێدوانەکانی تڕەمپ لەگەڵ بەها و بیری ئەمەریکی یەکناگرنەوە. ئەم جۆرە لێدوانانە ترس لای ئێمە دروست دەکەن."

لە تۆڕی کۆمەڵایەتی توویتەر کەسێک لە وڵاتی سعودیە نوسیویەتی، "لە ئەگەرێکی وەهادا، ئێمەش ئەو ئەمەریکیانە دەردەکەین کە لە کۆمپانیای ئارامکۆ و کۆمپانیاکانی تری نەوت کاردەکەن،" وەك ئاماژەیەك بۆ دەرکردنی ئەو ئەمەریکیانەی کە لە وڵاتی سعودیە کاردەکەن بۆ کۆمپانیا نەوتیەکان.

بەکارهێنەرێکی تری توویتەر لە سعودییە نوسیویەتی کە تڕەمپ "بەم زووانە داوای سنورداشکردنەوەی تەواوی مسوڵمانان دەکات."

سایتی بەناوبانگی میسڕی ناسراو بە "تەحریر نیوز" ڕاپرسیەکی لە پەڕەی فەیسبوکی خۆی داناوە و پرسیاری ئەوەی کردووە ئاخۆ لێدوانەکانی تڕەمپ گاریگەریـیان لەسەر ناوبانگی تڕەمپ لە ئەمەریکا دەبێت.

لە پێگەی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی توویتەر، تەنز نووسی بە ناوبانگی میسڕی باسم یوسف نووسیویەتی نەمدەزانی تڕەمپ هێندە بیروبۆچوونی نازیـیەتی هەبێت.