بەرپرسان دەڵێن ترامپ زیانی پێنەگەیشتووە دوای دووهەم هەوڵدان بۆ کوشتنی

درەنگانێکی ڕۆژی یەکشەممە سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ سوپاسی دەزگای پاسەوانی تایبەت و پۆلیسی ناوخۆی کرد دوای ئەوەی دەزگای لێکۆڵینەوەی فیدڕاڵ وتی هەوڵێکی کوشتنی ترامپ هەبووە لە یانەی گۆڵفەکەی لە وێست پاڵم بیچی فلۆریدا.

ترامپ لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تروث وتی " دەمەوێت سوپاسی هەمووان بکەم بۆ نیگەرانییەکانتان، بە دڵنیاییەوە ڕۆژێکی سەرنجڕاکێش بوو!. کارەکە زۆر بە باشی ئەنجامدرا."

ڕووداوەکە کە ترامپ زیانی پێنەگەیشت تێیدا، دوو مانگ دوای ئەوە دێت لە هەڵمەتێکی هەڵبژاردنەکاندا لە پێنسلڤانیا تەقەی لێکرا و گوێی بریندار بوو.

ئەندامانی ئاسایشی ترامپ باسییان لەوە کرد کە پێش ئەوەی ترامپ ڕۆژی یەکشەممە بچێت لە یاریگای گۆڵفەکەدا یاری بکات شوێنەکەیان بە تەواوەتی پشکنیوە و لەو کاتەدا چەکدارێکییان بینیوە لە ناو گژوگیاکەدا. ئەندامانی پاسەوانی تایبەت تەقەیان لە گومانلێکراوەکە کردووە، گومانلێکراوەکە هەڵاتووە و دواتر دەستگیر کراوە.

سەرۆکی پۆلیسی ناوخۆ وتی گومانلێکراوەکە چەکێکی AK-47 و دووربینێک و کامێرایەکی گۆپڕۆ و دوو جانتای شانی بەجێهێشتووە.

سەرۆکی پۆلیسی شارۆچکەی پاڵم بیچ ڕیک برادشۆ بە ماوەیەکی کورت دوای ڕووداوەکە وتی " ئەو ئەندامەی پاسەوانی تایبەت کە لە یاریگاکەدا بووە کارێکی زۆر باشی کرد. ئەوەی کردوویانە ئەوە بووە کە ئەندامێکییان ناردووە بۆ ئەو شوێنەی کە ترامپی لێبووە، توانیویەتی لولەی چەکەکە ببینێت کە هاتبووە دەرەوەی پەرژینەکە و دەستبەجێ تەقەی لە کەسەکە کردووە، لەو کاتەدا کەسەکە هەڵاتووە."

سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن ئێوارەی ڕۆژی هەینی وتی دڵخۆش بووە بەوەی کە ترامپ زیانی پێنەگەیشتووە.

وتی " وەکو چۆن چەندین جار وتوومە، توندوتیژی سیاسیی یاخود هەر توندوتیژییەکی دیکە لەم وڵاتەدا هەرگیز جێگەیان نابێتەوە، فەرمانم بە تیمەکەم کردووە بەردەوام بن لە دڵنیابوونەوە لەوەی پاسەوانی تایبەت سەرجەم سەرچاوە و توانا و ڕێوشوێنی پاراستنی پێویستییان هەبێت بۆ دڵنیابوونەوە لە پارێزراویی بەردەوامیی سەرۆکی پێشوو."

جێگری سەرۆک کامڵا هێرس کە بەربژێری دیموکراتەکانە بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمەریکا وتی " زۆر بێزار بووم بە ئەگەری هەوڵی کوشتنی سەرۆکی پێشوو ترامپ."

وتی " وەکو سەرۆک بایدن وتی، بەڕێوبەرایەتییەکەمان دڵنیایی دەدات لەسەر ئەوەی پاسەوانی تایبەت سەرجەم سەرچاوە و توانا و ڕێوشوێنی پاراستنی هەبێت بۆ ئەنجامدانی کارە هەستیارەکەی."

چەندین سەرچاوەی ڕاگەیاندنی نیشتیمانی بە ئەسۆشیەتد پرێس و نیویۆرک تایمز و کەناڵی فۆکس نیوزیشەوە، لە زاری بەرپرسانی نەناسراوی پۆلیسەوە بڵاوییان کردەوە کە گومانلێکراوەکە ناوی ڕایان وێزلی ڕوثی تەمەن 58 ساڵە و خەڵکی هاوایە. ئەو بەرپرسانە نەیانویستووە ناوییان ئاشکرا ببێت چونکە ڕێگەپێدراو نەبوون باس لە لێکۆڵینەوەکە بکەن.

لە پۆستەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا ڕوث دەردەکەوێت کە پشتگیری لە ترامپ کردووە لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2020 ی سەرۆکایەتی ئەمەریکادا، بەڵام لە پۆستەکانی ئەمدواییانەدا پشتگیری خۆی بۆ بایدن و هێرس دەردەبڕێت.

ڕوث گوایە تاوتوێی جەنگەکەی ناو ئۆکرانیاشی کردووە و وادەرکەوتووە کە سەربازی بە کرێگرتووە بۆ یارمەتیدانی ئۆکرانیا لە جەنگەکەیدا دژی ڕووسیا.

ترامپ هیچ گۆڕانکارییەکی لە خشتەی کارەکانیدا نەکردووە و بڕیارە ڕۆژی دووشەممە ڕاستەوخۆ لە ئێکس قسە بکات لە هاوینەهەواری مارالاگۆوە.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا