سەرۆک ترامپ دەڵێت لە مانگی پێنج یان سەرەتای مانگی شەشدا لەگەڵ ڕابەری کۆریای باکووردا کۆدەبێتەوە

سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ وتی بەنیازە لە مانگی پێنج یاخوود سەرەتای مانگی شەشدا چاوی بە ڕابەری کۆریای باکوور کیم جۆنگ ئون بکەوێت و هیوادارە گفتوگۆکان ببنە مایەی ئەوەی کۆتایی بە بەرنامە ناوەکیی و موشەکییەکەی کۆریای باکوور بهێنن.

سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ لە دەستپێکی کۆبوونەوەی وەزیرەکاندا بە ڕۆژنامەنووسانی وت " لە کاتێکدا لە مانگی پێنج یان سەرەتای مانگی شەش لەگەڵیاندا کۆدەبینەوە و پێم وایە ڕێزگرتنێکی گەورە دەبێت لە هەردوولاوە. هیوادارین بگەینە ڕێکەوتنێک بۆ نەهێشتنی توانا ناوەکییەکانی کۆریای باکوور."

وتیشی " ئەوان وایان وت، ئێمەش وامان وت. هیوادارین پەیوەندییەکی زۆر جیاواز بێت لەوەی کە چەند ساڵێکی زۆرە هەیە."

جێی ئاماژەیە بەرپرسێکی ئەمەریکی کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت ڕۆژی یەکشەممە وتی کۆریای باکوور بە ئەمەریکای ڕاگەیاندووە کە ئامادەیە لەگەڵ واشنتدا گفتوگۆ لەسەر نەهێشتنی چەکی ناوەکیی بکات لە نیمچە دوورگەی کۆریادا، ئەوەش کاتێک کیم چاوی بە سەرۆک ترامپ دەکەوێت.

هەروەها وتیشی بەرپرسانی ئەمەریکی و کۆریای باکوور لەمدواییانەدا گفتوگۆی نهێنیان ئەنجامداوە و لەو گفتوگۆیانەدا پیۆنگیانگ بە ڕاستەوخۆ جەختی لەوە کردۆتەوە کە ئامادەیە کۆبوونەوەکە ئەنجام بدات.

بەرپرسەکە وتیشی پەیوەندییەکان هێشتا لە قۆناغی سەرەتاییدان و بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا و کۆریای باکوور بەشداری تێدا دەکەن.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز