تورکیا 7 کەس بە تۆمەتی سیخوڕی بۆ مۆساد دەستگیر دەکات

بەرپرسێکی ئاسایشی تورکیا دەڵێت کاربەدەستانی تورکیا حەوت کەسییان بە گومانی فرۆشتنی زانیاری بە دەزگای هەواڵگری ئیسڕائیل 'موساد' دەستگیر کردووە، زانیارییەکانیش پەیوەست بوون بە چاودێریکردن و شوێنکەوتنی ئامانجە ناوخۆییەکانەوە.

تورکیا پێشتر هۆشداری داوەتە ئیسڕائیل لەسەر ئەوەی ئەگەر هەوڵ بدات ئەو ئەندامانەی گروپی چەکداری حەماس لە ناوببات کە لە دەرەوەی ناوچەکانی فەلەستینییەکان دەژین بە تورکیاشەوە ئەوا " دەرەنجامێکی جددی " دەبێت. ڕابەرانی تورکیا و ئیسڕائیلیش بە ئاشکرا ڕەخنەی توندییان لە یەکتر گرتووە لە دوای دەستپێکردنی جەنگەکەی نێوان ئیسڕائیل و حەماسەوە لە غەززە.

تورکیا بە پێچەوانەی زۆربەی هاوپەیمانە ڕۆژئاواییەکانی و هەندێک لە وڵاتانی عەرەبییەوە، حەماس وەکو ڕێکخراوێکی تیرۆریستی ناناسێنێت.

بەرپرسە ئاسایشییەکەی تورکیا کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکات وتی پۆلیسی تورکیا و دەزگای هەواڵگری میتی تورکیا ئۆپەراسیۆنی هاوبەشییان لە ئیستەنبوڵ و ئیزمیر ئەنجامداوە، ئەوەش لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەیەکی بەرپرسی ئۆفیسی دادوەری ئیستەنبوڵدا.

ئەم ئۆپەراسیۆنانە مانگێک دوای ئەوە دێت کە بەرپرسانی تورکیا چەند کەسێکییان بە گومانی سیخوڕیکردن بۆ موساد دەستگیرکرد.

کەناڵی تی ئاڕ تی تورکیا وتی دەزگای هەواڵگری میتی تورکیا دڵنیایە لەوەی موساد لێکۆڵەرەوەی تایبەتی بەکارهێناوە بۆ شوێنکەوتنی ئامانجەکانی.

تی ئاڕ تی لە زاری سەرچاوە نەناسراوە ئاسایشییەکانەوە بڵاویکردەوە باوەڕوایە گومانلێکراوەکان چاودێری ئامانجەکانییان کردبێت و وێنەیان گرتوون و ئامێری شوێنکەوتنییان پێوە کردوون و زانیاری دیکەیان بۆ موساد پەیدا کردووە.

ئەنکەرە هیچ بەیاننامەیەکی فەڕمی لە بارەی دەستگیرکردنەوەکانەوە دەرنەکردووە. وتەبێژێکی وەزارەتی دەرەوەی ئیسڕائیلیش ڕەتی کردەوە لێدوان لەسەر ئەو بابەتە بدات.

مانگی ڕابردوو بەرپرسێکی باڵای تورکیا وتی کاربەدەستانی وڵاتەکە 34 کەسییان بە گومانی پەیوەستبوونییان بە دەزگای هەواڵگری موسادەوە دەستگیرکردووە، وتیشی هەوڵیانداوە ئەو فەلەستینییانە بکەنە ئامانج کە لە تورکیا دەژین.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز