سەرۆکی تونس قەیس سەعید دەڵێت دەیەوێت تونس و سوریا باڵیۆز بۆ وڵاتەکانی یەکتر دەستنیشان بکەن، ئەمەش لە نوێترین ئاماژەدا لەسەر ئەوەی باشبوونەوەی تەواوەتی پەیوەندییە دیبلۆماتییەکان لەگەڵ حکومەتەکەی سەرۆکی سوریا بەشار ئەسەد نزیک بۆتەوە.
سەعید بە وەزیری دەرەوەی تونس نەبیل عەماری وت " دەبێت بڕیارێک لەسەر ئەم پرسە بدرێت."
نزیکەی 10 ساڵ لەمەوبەر تونس پەیوەندییە دیبلۆماتییەکانی لەگەڵ سوریادا بڕی، ئەوەش وەکو ناڕەزایی دەربڕینێک دژی سەرکوتکارییە دڕندانەییەکەی حکومەتەکەی بەشار ئەسەد دژی خۆپیشاندانەکانی ساڵی 2011 ی سوریا کە دواتر گۆڕا بۆ شەڕی ناوخۆ و سەدان هەزاران کەس کوژران و ملیۆنان خەڵکیش ئاوارە بوون.
لە دوای ئەوەی لە مانگی حەوتی ساڵی 2021 دا دەسەڵاتی تونسی گرتە دەست، کە هەندێک لە ڕکابەرە سیاسییەکانی وەکو کودەتایەک ناوییان بردووە، سەعید ئاماژەی بەوە داوە کە کراوەیە بە ڕووی گۆڕینی هەڵوێستی تونسدا لەگەڵ سوریا.
لە ساڵی 2017 دا تونس بە شێوەیەکی سنووردار نێردە دیبلۆماتییەکەی لە سوریا زیندوو کردەوە، بەشێکی هۆکارەکەشی بۆ دۆزینەوەی ئەو زیاتر لە 3000 چەکدارە تونسییە بوو کە بۆ شەڕکردن هاتبوونە سوریاوە.
مانگی ڕابردوو تونس نێردە دیبلۆماتییەکەی لە دیمەشق بە یەک دیبلۆماتکار زیندووکردەوە، بەڵام لە کاتێکدا کە سەرۆکی تونس ڕایگەیاندووە و دەڵێت پێویستە بڕیارێک بدرێت، بە شێوەیەکی بەرچاو پێشبینی دەکرێت وەزارەتی دەرەوەی تونس بەمزووانە باڵیۆزێک بۆ دیمەشق دەستنیشان بکات.
شیکەرەوە سیاسییەکان دەڵێن ئەسەد هەوڵ دەدات سوودێکی سیاسیی لە بومەلەرزەکانی مانگی ڕابردوو وەربگرێت کە هەریەک لە سوریا و تورکیای هەژاند، داوای کردووە یارمەتییە مرۆییەکان لە ڕێی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆیەوە بگەیەندرێنە ناو سوریاوە.
تونس فڕۆکەی فریاگوزاری ڕەوانەی سوریا کرد، تیمەکانی بەرگری شارستانی و فریاکەوتنی ناردووە بۆ سوریا کە لە فڕۆکەخانەی حەلەبی ژێر دەسەڵاتی حکومەتەکەی ئەسەد پێشوازییان لێکراوە.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز