ئاسۆ عەبدول لەتیف: ئەردۆغان فاشیزمی ئاینی تێکەڵکردووە بە فاشیزمی نەتەوایەتی

ئەگەر چەندین ساڵ لەوبەر باس لە قەیرانەکانە ئابوری و سیاسی و شارستانییەکان کرابن، ئێستاکە گرفتێکی گەورەتر لەئارادیە ئەویش قەیرانی دیموکراسی و ئازادییە گشتی و تایبەتییەکانی مرۆڤن، کە تێکڕا پەیوەندییەکی قوڵ و هەمەلایەنیان هەیە بە کۆی پڕۆسەی حوکمڕانی و رادەی ستەمکاریی و ئەو ومەترسییە شارستانی و مرۆییانەی کە بەدوای خۆیاندا دەیهێنن. رێکخراوی ماڵی ئازادی لە ئەمریکا لە رێکەوتی 16/1/2018 راپۆرتی ساڵانەی خۆیان بڵاوکردەوە. لەو راپۆرتەدا ئاماژە بە پاشەکشێیەکی بەرچاوی هەندێک لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دراوە، بە تایبەتی تورکیا. بەو پێیە تورکیا و زۆرێک لەوڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە ئێرانیشەوە لە زۆنی نەبوونی ئازادی و دیموکراسیدان.

سەبارەت بەو راپۆرتە و بەشێک لەو پرسانەی کە پەیوەندییەکی بنەڕەتیان هەیە بە تاتوێکردنی دیموکراسی و ئازادییەوە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ئاسۆ جەبار وتووێژی لەگەڵ رۆژنامەوان ئاسۆ عەبدول لەتیفدا سازکردووە...

ئاسۆ عەبدول لەتیف دەڵێت "لەهەر وڵاتێکدا ئەگەر دەمداخستن و پەتی سێدارەو بەرتەسککردنەوەی ئازادییەکان و پێشێلکاریی مافەکانی مرۆڤ بگاتە ئەو ئاستە بێگومان توندوتیژی لێدەکەوێتەوە."

دەشڵێت "کولتوی دروستکردنی زیندان و دەمکوتکردن و پەت و قەنارە و سێدارە، دووبارە بە شێوازێکی تازە لەرۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لەدایک دەبێتەوە."

سەبارەت بە تورکیای سەردەمی رەجەب تەیب ئەردۆغان و ئاکەپە؛ ئاسۆ عەبدوللەتیف دەڵێت "چەند ساڵێکە لەتورکیا بەبەرنامە کار بۆ ئەوە دەکرێت کە تورکیا بخرێتە شاڕێگەیەک بەرەو دروستکردنی سەنتڕاڵێکی مەزهەبی و ناسوینالیستی بە ناوی دین و نەتەوەخوازییەوە."

دەشڵێت "ئەو دەسەڵاتە مەزهەبییە کە دایانڕشتووە تا 2050 خەلافەتێکی ئاینی نوێ واتە ئەوەی خۆیان ناویان لێناوە عوسمانییە نوێکان لە تورکیا دروستبکەن."

ئاسۆ عەبدول لەتیف لە چەند خاڵێکی هاوبەشدا مستەفا کەمال ئەتاتورک لەگەڵ سەردەمی رەجەب تەیب ئەردۆغان کۆدەکاتەوە و دەڵێت "کاتێک کەمال ئەتاتورک لەساڵی 1920 دا توێرییەکەی خۆی داڕشت؛ یەک رەنگ یەک نەتەوە یەک زمان یەک کولتور بۆ تورکیا. لەڕاستیدا ئەو نەیوت یەک ئاین، توێرییەکەی مستەفا کەمال ئەتاتورک پەیوەندی بە توێرییەکەی رەجەب تەیب ئەردۆغانەوە هەیە لەوەدایە کە کەمال ئەتاتورک راستەوخۆ لەسەر یەک باڵ واتە باڵی فاشیزم و نەتەوایەتی و گورگە بۆرەکان بوو، بەڵام ئەردۆغان فاشیزمی ئاینی تێکەڵکردووە بە فاشیزمی نەتەوەیی."

Your browser doesn’t support HTML5

وتووێژ لەگەڵ ئاسۆ عەبدول لەتیف