مەزڵوم عەبدی: بەهۆی هێرشەکانی تورکیاوە 29 قارەمانی دژە ماددە هۆشبەرەکان کوژراون

بەرپرسانی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا دەڵێن بەهۆی هێرشە ئاسمانییەکانی تورکیاوە بۆ سەر ئەکادیمیای ئاسایشی ناوخۆ لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا کە لە ژێر دەستی کوردەکاندایە 29 ئەندامی ئاسایشی ناوخۆ کوژراون.

بەپێی بەرپرسە کوردەکان، لە ڕۆژی پێنجشەممەوە تورکیا بۆردومانی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی کوردەکانی لە سوریا کردووە، لە هاووڵاتییانی سڤیل و ئامانجە سەربازییەکان و ژێرخانەکانی داوە.

مەزڵوم عەبدی سەرکردەی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک لە تویتێکدا ڕایگەیاند "تورکیای داگیرکەر ئەکادیمیای ئاسایشی ناوخۆی لە دێرک کردە ئامانج. لە ئەنجامدا 29 قارەمانی هێزی دژە ماددە هۆشبەرەکان شەهید بوون." وتیشی ئەمە "تاوانێکی دڕندانەیە" و ناکرێت پشتگوێ بخرێت. ئاماژەشی بەوەدا لە هەمان کاتیشدا پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤە.

عەبدی لە تویتەکەیدا دەڵێت هێزی ئاسایشی ناوخۆ دامەزراوەیەکی سڤیلە و لەلایەن هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتییەوە پشتیوانی لێدەکرێت بۆ سەقامگیری لە ناوچەکەدا.

جەختیشی لەوە کردەوە بەردەوام دەبن لە "ڕووبەڕووبوونەوەی دەستدرێژییەکان و هێرشەکانی تورکیای داگیرکار بۆ سەر خاک و گەلەکەمان. مافی خۆشمانە وەڵامییان بدەینەوە."

ڕوانگەی سوریایی بۆ مافەکانی مرۆڤ کە بنکەکەی لە بەڕیتانیایە و چاودێری جەنگەکەی سوریا دەکات، وتی 30 ئەندامی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی کوردەکان کوژراون، 37 ئەندامی دیکە بریندار بوون، ئەوەش دوای ئەوەی فڕۆکەیەکی جەنگی تورکیا لە نیوەشەودا لە ئەل مەلیکییە ناوەندێکی مەشقی کردووەتە ئامانج.

پەیامنێرانی دەزگای هەواڵی فرانس پرێس ئاماژەیان بەوە داوە بەرپرسان داوای بەخشینی خوێنییان کردووە، هاوکات شایەتحاڵان دەڵێن نەخۆشخانەکان پڕبوون لە قوربانییەکان.