دوای پشێوییەکانی دژ بە سوریاییەکان، تورکیا سەدان کەس دەستگیر دەکات

وەزیری ناوخۆی تورکیا عەلی یەرلیکایا

ڕۆژی سێشەممە بەرپرسانی تورکیا وتییان زیاتر لە 470 کەسییان دەستبەسەرکردووە، ئەوەش دوای پشێوییەکانی دژ بە سوریاییەکان لە چەند شارێکی وڵاتەکەدا، پشێوییەکە دوای ئەوە بوو بانگەشەی ئەوە کرا پیاوێکی سوریایی دەستدرێژی کردووەتە سەر منداڵێک.

ڕۆژی یەکشەممە دوابەدوای توندوتیژییەکان لە شارێکی ناوەڕاستی تورکیا گرژییەکان زیادییان کرد، ئەوەش دوای ئەوەی کۆمەڵە کەسێک دەستییان کرد بە کاری تێکدەرانە و زیانییان بە دوکان و موڵکی سوریاییەکان گەیاند.

وەزیری ناوخۆی تورکیا عەلی یەرلیکایا لە ئێکس نوسیویەتی " 474 کەس دوای کارە وروژێنەرەکان دژی سوریاییەکانی ناو تورکیا دەستبەسەرکراون."

کۆمەڵێک پیاو دوکان و موڵکەکانی سوریاییەکانییان لە قەیسەری کردە ئامانج، ڤیدیۆکانیش لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەریدەخەن دوکانێک سوتێندراوە.

لە ڤیدیۆیەکدا دەردەکەوێت پیاوێکی تورکیایی هاوار دەکات " ئێمە چیتر سوریایی دیکەمان ناوێت! هیچ بیانییەکی دیکەمان ناوێت."

ڕۆژی دووشەممە دادگایەک لە قەیسەری فەرمانی بە دەستگیرکردنی پیاوێکی سوریایی کرد، وەزیری دادی تورکیا یەڵماز تونچ وتی " منداڵ و خێزانەکەی لە ژێر پاراستنی دەوڵەتدان."

بەرپرسان وتییان منداڵەکە کچێکی سوریایی بووە، پەیوەستیش بووە بەو پیاوەوە کە بێزاری کردووە.

ڕۆژی دووشەممە سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان ئۆپۆزسیۆنی تۆمەتبار کرد بە تۆمەتی خستنەوەی گرژیی و سەرکۆنەی توندوتیژییەکانی دژ بە سوریاییەکانی کرد و وتی " جێی قبووڵ کردن نیە."

پشێوییەکە پەرەی سەند بۆ چەندین شاری دیکە، بە ئیستەنبوڵیشەوە، بەرپرسان زۆرجار توانییان دۆخەکە هێور بکەنەوە.

یەرلیکایا لە داوایەکیدا بۆ هاووڵاتییانی تورکیایی وتی " با نەورووژێنرێین، با میانڕەوانە ڕەفتار بکەین."

وتی " ئەوانەی کە ئەم پلانگێڕییانە دژی وڵات و گەلەکەمان دەچێنن ڕووبەڕووی ئەو وەڵامە دەبنەوە کە شایەنین."

بەپێی پەیامنێرێکی دەزگای هەواڵی فرانس پرێس، پۆلیسی تورکیا ئاسایشی دەوروبەری کونسوڵخانەی سوریای لە ئیستەنبوڵ پتەوتر کردووە، ئوتومبێلی زریپۆش و ئەرکی ئێشکگری لەو دەوروبەرەدا داناوە.

تورکیا کە بەپێی نەتەوە یەکگرتووەکان میوانداری 3.2 ملیۆن ئاوارەی سوریایی کردووە، لەم ساڵانەی ڕابردوودا چەندین جار ڕووبەڕووی توندوتیژییەکانی بێگانەپەرستی بووەتەوە، زۆرجار بەهۆی ئەو قسەوقسەڵۆکانەوە دروست بوون کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و ئەپەکانی نامە ناردندا بڵاودەکرێنەوە.

لە مانگی هەشتی ساڵی 2021 دا، کۆمەڵێک پیاو چەندین شوێنی کار و موڵکی سوریاییەکانییان لە ئەنکەرەی پایتەخت کردە ئامانج، ئەوەش دوای ڕووبەڕووبوونەوەیەک کە گەنجێکی تەمەن 18 ساڵی تێدا کوژرا.


چارەنووسی ئاوارە سوریاییەکانیش پرسێکی سوتێنەرە لە سیاسەتی تورکیادا، ڕکابەرەکانی ئەردۆغان لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی ڕابردوودا بەڵێنییاندا سوریاییەکان ڕەوانەی سوریا بکەنەوە.

سەرچاوە/ فرانس پرێس