ڕوانگەی سوریا بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕایگەیاند هێزەکانی تورکیا بۆردومانی گوندی ئاشمەی ڕۆژئاوای شاری کۆبانیان کردووە و بەهۆیەوە 11 کەس بریندار بوون کە دوو منداڵیشییان تێدایە. بریندارەکان گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەکان.
بۆردومانەکەی تورکیا زیانێکی گەورەشی گەیاندووە بە موڵک و ماڵی هاووڵاتییانی سڤیل.
بە گوێرەی هەواڵەکەی ڕوانگەی سوریا، هێزەکانی تورکیا بەردەوامن لە هێرشکردنە سەر ناوچە جیاوازەکانی هاووڵاتیانی سڤیل لە حەلەبی ڕۆژهەڵاتی سوریا و ئازار و ناڵەی هاووڵاتییانی سڤیل زیاتر دەکەن کە پێشتریش خۆیان بەهۆی قەیرانەکانی ئاسایش و مرۆییەوە دەناڵێنن..
سەرچاوەکانی ڕوانگەی سوریا بۆ مافەکانی مرۆڤ کە بنکەکەی لە بەڕیتانیایە و چاودێری دۆخەکەی ناو سوریا دەکات و چەندین سەرچاوەی لە سەرانسەری سوریادا هەیە، وتییان ناوچەکانی مەنبج و کۆبانی ڕووبەڕووی زیادبوونی چالاکییە سەربازییەکان بوونەتەوە، هێزەکانی سوریای دیموکراتیکیش هێرشییان کردووەتە سەر بنکەکانی هێزەکانی تورکیا لە چیاکانی ئەلمامام لە مەنبج، دواتر فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا هێرشی ئاسمانییان کردووەتە سەر زومغاری ڕۆژهەڵاتی کۆبانی.
هاوکات گوندەکانی ئەلجەدە و خەروس و ئەلسەنعا و ئەلقەساق و ئەلمالها و ئەلشەهدە لە کۆبانی لە ڕێی تۆپهاوێژەوە بۆردومان کراون، دانیشتوانی ئەو ناوچانەش ئاوارەی گوندەکانی دراوسێ بوون.