هاوپەیمانی سەرەکی درێژخایەنی سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان ڕۆژی سێشەممە وتی دەبێت بیر لە هەمووارکردنەوەی دەستوور بکرێتەوە تاوەکو ڕێگە بدرێت سەرۆک جارێکی دیکە بتوانێت لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2028 ی سەرۆکایەتی تورکیادا خۆی هەڵبژێرێتەوە.
دوای ئەوەی ساڵی ڕابردوو وەکو سەرۆکی تورکیا هەڵبژێردرایەوە، ئەمە کۆتا خولی سەرۆکایەتی ئەردۆغان دەبێت، بەڵام ئەگەر پەرلەمان داوای هەڵبژاردنی پێشوەخت نەکات، ئەمەش بەپێی دەستوور. ئەردۆغان زیاتر لە 21 ساڵە فەرمانڕەوایی تورکیا دەکات، یەکەمجار وەکو سەرۆک وەزیر و دواتر وەکو سەرۆک.
دەڤڵەت بەهچەلی سەرکردەی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەپەرستی هاوپەیمانی پارتی ئاکەپەی ئەردۆغان وتی " ئەوە سروشتی و بژاردەیەکی ڕاست نابێت سەرۆکەکەمان جارێکی دیکە هەڵبژێرینەوە ئەگەر تیرۆر بنەبڕ بکرێت و هەڵاوسانی ئابووری تورکیا نەمێنێت و تورکیا جێگیرییەکی ئابووری و سیاسیی بە دەستبهێنێت."
لە وتارێکیدا بۆ پەرلەمانتارانی پارتەکەی لە پەرلەمانی تورکیادا بەهچەلی وتی دەبێت بیر لە هەمووارکردنەوەی دەستوور بکرێتەوە بۆ ئەوەی ئەردۆغان بتوانێت جارێکی دیکە خۆی هەڵبژێرێتەوە لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیدا.
بەهچەلی نەتەوەپەرستی سەرسەختی تورکیا، مانگی ڕابردوو تورکیای هەژاند دوای ئەوەی پێشنیاری کرد سەرکردەی زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان دەکرێت ڕێگەی بدرێت لە پەرلەماندا قسە بکات ئەگەر کۆتایی " یاخیبوونی " پارتەکەی ڕابگەیەنێت.
هەندێک لە شرۆڤەکاران دەڵێن ئەو پێشنیارە ڕەنگە بەهۆی ئەوەوە بێت کە پارتەکەی ئەردۆغان و پارتی بزووتنەوەی نەتەوەپەرستی تورکیا بیانەوێت لەو ڕێیەوە پشتگیری پارتی دەمی لایەنگری کوردەکان بە دەستبهێنن بۆ گۆڕانکاری لە دەستووردا بە شێوەیەک کە ئەردۆغان بتوانێت لە هەڵبژاردنەکانی 2028 دا بتوانێت خۆی هەڵبژێرێتەوە، پارتی دەم سێیەم گەورەترین پارتە لە پەرلەمانی تورکیادا.
گۆڕانکاریکردن لە دەستووردا دەتوانرێت گشتپرسییەکی لەسەر بکرێت ئەگەر 360 پەرلەمانتار لە 600 کورسییەکەی پەرلەماندا پشتگیری لێبکەن. هەڵبژاردنێکی پێشوەختیش پێویستە بۆ پشتگیریکردن لە 360 پەرلەمانتارەکە.
پارتەکەی ئەردۆغان و هاوپەیمانەکانی 321 کورسییان لە پەرلەماندا هەیە، پارتی دەم 57 کورسی هەیە.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز