ئەردۆغان دیکۆری نەتەوە یەکگرتووەکانی لەگەڵ ڕەنگی هاوڕەگەزخوازان لێ تێکدەچێت و بێزاری خۆی بۆ ڕەنگەکان دەردەبڕێت

لوتکەی ئامانجەکانی گەشەپێدانی بەردەوام لە بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک

سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان گلەیی دەکات و دەڵێت ناڕەحەت بووە بە بەکارهێنانی "ڕەنگەکانی هاوڕگەزخوازان" لە نەتەوە یەکگرتووەکان، کە لەم هەفتەیەدا هۆڵەکەی ئەو رێکخراوەیەی بە مەبەستی هاندان بۆ ئامانجەکانی گەشەپێدانی بەردەوام، ڕازاندبووە.

دەزگایەکی ڕاگەیاندنی تورکیا بڵاویکردەوە ئەردۆغان ویستوویەتی لەگەڵ سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنتۆنیۆ گۆتیرێشدا باس لەو بابەتە بکات، حکومەتی تورکیا کە لەلایەن ئەردۆغان و پارتی ئاکەپەوە ڕابەرایەتی دەکرێت و ڕەگییان ئیسلامییە، هەڵوێستییان بەرامبەر ئازادی هاوڕەگەزخوازان توندتر کردووەتەوە.

کەناڵی هابیرتورک و ئەوانی دیکەش لە زاری ئەردۆ‌غانەوە بڵاوییان کردەوە کە سەرۆکی تورکیا گوتویەتی "یەکێک لەو شتانەی کە زۆر بێزاری کردم ئەوەیە کە کاتێک دەچیتە هۆڵی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە، ڕەنگەکانی هاوڕەگەزخوازان لەسەر قادرمەکان و شوێنەکانی دیکەش دەبینی."

ئەردۆغان کە زۆرجار ئەندامانی کۆمەڵگەی ئێڵ جی بی تی بە "لادەر" ناودێر دەکات، دەڵێت "لە ئێستادا چەندە هاوڕەگەزخواز لە جیهاندا هەن؟ ئەوان هەرچەندە مافی خۆیانیش بێت بۆ مافەکانیان هەنگاو هەڵبگرن، دەبێت بزانن ئەوانەش کە دژی هاوڕەگەزخوازانان بە هەمان شێوە مافیان هەیە".

بەڵام هەندێک لە کاربەدەستانی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێن ڕەنگە ئەردۆغان 17 ڕەنگەکەی پەیوەست بە " ئامانجەکانی گەشەپێدانی بەردەوام " و ڕازاندنەوەی بەشێک لە بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکانی لەگەڵ ڕەنگەکانی مافی هاوڕەگەزخوازاندا لێتێکچووبێت.

ئەوان دەڵێن لە کاتێکدا کە گۆتیرێش بە ئاشکرا پشتگیری لە مافەکانی هاوڕەگەزخوازان دەکات و دژی جیاکاری قسەی کردووە، بەڵام هیچ ڕەنگێکی پەلکەزێڕینەی هاوڕەگەزخوازان لە بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکاندا نیە کە هانی مافەکانی هاوڕەگەزخوازان بدات.

17 ڕەنگەکەی ئامانجەکانی گەشەپێدانی بەردەوام، کە ڕابەرانی جیهان لە ساڵی 2015 دا ڕێککەوتن لەسەری و وادەی کۆتاییشی ساڵی 2030 دەبێت، کۆمەڵێک کاری جیهانین کە دەبێت تاوەکو ساڵی 2030 ئەنجام بدرێن، کارەکانیش بریتین لە بنەبڕکردنی برسێتی و هەژاریی توند و ڕووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی کەش و هەوا و نایەکسانی، هەروەها پشتگیریکردن لە یەکسانی ڕەگەزیی.

هاوڕەگەزخوازیی لە تورکیادا تاوان نیە، بەڵام توندوتیژییەکان بەرامبەر هاوڕەگەزخوازان لە تورکیا شتێکی بڵاوە، هەروەها لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردووەوە سەرکوتکاری پۆلیس دژی گردبوونەوەی هاوڕەگەزخوازان توندتر بووەتەوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز