خالید رەزا: ئەوروپا بە گشتی دژی هەڵسوکەوتەکانی ئەردۆغانە

کاتێک ئەردۆغان؛ ئەڵمانیا و هۆڵەندا تاوانبار دەکات بە نازی و فاشیزم هاوکات دەڵێت چیتر ئەوروپا سومبوڵی یاسا و ئازادی و مافی مرۆڤ نیە، هاوکات بەپێی شارەزایان تەواوی حکومەتەکەی ئەردۆغان و ئاک پارتی کەوتوونەتە بەردەم رەخنەو شرۆڤەکاریی جیاوازەوە. هەر لە رەوشی مافەکانی مرۆڤ و پێشێلکارییەکانەوە بەرامبەر میدیا و رۆژنامەنوسان تا لێدوانە توند و شەڕەنگێزەکانی ئەردۆغان. کاتێک ئەردۆغان دەیەوێت بانگەشە بۆ گۆڕینی دەستور بکات لە پەرلەمانییەوە بۆ سەرۆکایەتی لەناو رەوەندی تورکیدا لە هۆڵەندا و وڵاتانی دیکەی ئەوروپا، حکومەتی هۆڵەندا نایەڵێت بۆ ئەو مەبەستە پێ بخەنە وڵاتەکەیانەوە و هۆڵەندا لە سەروەختی هەڵبژاردنی وڵاتەکەی خۆیدایە و ئایا لێدوانە توندەکانی ئەردۆگان کاریگەری دەبێت لەسەر رەوەندی تورکی و موسڵمانانی هۆڵەندا و ئەوروپا؟ ئاکامی هەڕەشە و وتە شەڕانگێزەکانی ئەردۆگان بە چی دەگات؟

ئاسۆ جەبار بۆ دەنگی ئەمریکا سەبارەت بەو پرسە وتووێژێکی لەگەڵ چالاکوانی مەدەنی لە هۆڵەندا خالید رەزادا سازکردووە.....

خالید رەزا دەڵێت "هەموو ئەوروپا بە چاوێکی گوماناوییەوە سەیری رەفتارەکانی ئەردۆغان دەکەن، بەتایبەتی ئێستا ئەردۆغان بە نیازە دەستوری وڵاتەکەی لە سیستمی پەرلەمانییەوە بگۆڕێت بۆ سەرۆکایەتی، کە هەموو دەسەڵاتەکان دەکەوێتە دەست پیاوێکی شێتەوە کە مەترسی هەیە نەک هەر لەسەر تورکیا و ناوچەکەی خۆی، بەڵکو لەسەر ئەوروپاش مەترسی هەیە."

هەروەها دەڵێت "ئەوروپا بە گشتی دژی هەڵسوکەوتەکانی ئەردۆگانە."

سەبارەت بە رەوەندی تورکی و هەڵبژاردنەکانی هۆڵەندا و وڵاتانی ئەوروپا خالید رەزا دەڵێت "رەوەندی تورکی لە هۆڵەندا بە قسەی ئەردۆغان ناکات."

سەبارەت بە هەڵسوکەوتەکانی ئەردۆغانیش دەڵێت "هەموو هەڵسوکەوتەکانی ئەردۆغان دیکتاتۆرانەو فاشیانەو شپرزانەیە، لەبەرئەوە لەگەڵ هیچ یەکێک لە پرینسیپەکانی مافی مرۆڤ و سیاسەتی ئەوروپا و کەشی دیموکراسی ئەوروپا ناگونجێت."

خالید رەزا پێـیوایە "دەرگاکانی ئەوروپا لە ئەردۆغان و حیزبەکەی داخراون."

Your browser doesn’t support HTML5

وتووێژ لەگەڵ خالید ڕەزا