سەرچاوەکان دەڵێن وەزیری دەرەوەی تورکیا لەم هەفتەیەدا سەردانی ئەمەریکا دەکات

وەزیری دەرەوەی تورکیا هاکان فیدان

سەرچاوەیەکی دیپلۆماتیکی تورکیا دەڵێت وەزیری دەرەوەی تورکیا هاکان فیدان لە 7-8 ی مانگی سێدا سەردانی ئەمەریکا دەکات بە مەبەستی گفتوگۆکردن لەسەر جەنگەکانی ناو غەززە و ئۆکرانیا و بەرگریی و وزە، لە کاتێکدا کە پەیوەندییەکانی نێوان دوو وڵاتەکە بەهۆی هاریکارییەکانییان لە سیاسەتی ناتۆدا گەرم بووەتەوە.

چەندین ساڵە پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و ئەمەریکا گرژییان تێکەوتووە، هەندێک لە هۆکارەکانی تێکچوونی پەیوەندییەکانی نێوانییان بریتین لە کڕینی سیستمی بەرگری ئاسمانی ڕووسیایی ئێس 400 لەلایەن تورکیاوە و پشتیوانییەکانی ئەمەریکا بۆ هێزە کوردییەکانی باکووری سوریا، کە تورکیا بە " تیرۆریست " ناوییان دەبات.

بەڵام دەستپێکردنەوەی فرۆشتنی فڕۆکەی F-16 ی شەڕکەری ئەمەریکا بە تورکیا دوای ئەوەی تورکیا داواکەی سویدی بۆ ئەندامێتی لە ناتۆدا پەسەند کرد، پەیوەندییەکانی نێوان دوو وڵاتەکە گەرمتر بوونەوە.

سەرچاوەکە وتی لە ماوەی سەردانەکەی وەزیری دەرەوەی تورکیا هاکان فیداندا بۆ ئەمەریکا کە لەسەر بانگهێشتی وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکنە، کۆبوونەوەیەک دەکەن لەسەر " میکانیزمێکی ستراتیژی " کە سەرۆکەکانی دوو وڵاتەکە لە ساڵی 2021 دا دایانمەزراند و سەنگ دەخاتە سەر هاریکارییە دوو قۆڵییەکانی نێوان دوو وڵاتەکە.

پێشبینی دەکرێت فیدان لەگەڵ ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی ئەمەریکا جەیک سۆلیڤانیشدا کۆببێتەوە.

سەرچاوەکە وتی لابردنی سزاکانی سەر پیشەسازی بەرگری تورکیا و فرۆشتنی فڕۆکەی F-16 بە تورکیا و دانەوێڵەی دەریای ڕەش لە ماوەی سەردانەکەی فیداندا تاوتوێ دەکرێن، هەروەها باس لە جەنگەکانی ناو ئۆکرانیا و غەززەش دەکرێن.

سەرچاوەکە وتی " فیدان جەخت لە پێویستییەکان دەکاتەوە بۆ وەستاندنی کۆمەڵکوژییەکەی ئیسڕائیل لە غەززە و بە دەستهێنانی ئاگربەستێکی تەواو و دەستبەجێ لە غەززە و کارکردن بۆ چارەسەرێکی دوو دەوڵەت، بەپێی پێوەرە نێودەوڵەتییەکان."

هەفتەی ڕابردوو ئەنجومەنی سیناتی ئەمەریکا هەوڵێکی ڕاگرت بۆ ڕێگریکردن لە فرۆشتنی فڕۆکەی شەڕکەری F-16 بە تورکیا، کە بەهاکەی فرۆشتنەکە دەگاتە 23 ملیار دۆلار. دوای ئەوەی تورکیا داواکەی سویدی بۆ ئەندامێتی لە ناتۆدا پەسەند کرد، سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن فرۆشتنەکەی بە تورکیا پەسەند کرد.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز