گروپـێـکی ڕۆژنامەوانی: حکومەتی تورکیا ڕێگە بە ڕۆژنامەوانانی ئۆپـۆزسیۆن نادات ڕووماڵی کۆنگرەی G20 بکەن

گروپـێـکی تایبەت بە مافەکانی میدیا لە تورکیا دەڵێت حکومەتی وڵاتەکەیان ڕێگە بە دەزگاکانی ڕاگەیاندنی لایەنەکانی ئۆپـۆزسیۆن نادات ڕووماڵی کۆنگرەی G20 بکەن، ئەوەی بڕیارە لە 15 و 16 ی ئەم مانگە لە شاری ئانتالیا بەڕێوەبچێت.

ئەنجومەنی ڕۆژنامەگەری سەربەخۆ لە بەیانـنامەیەکدا ئەمڕۆ سێشەممە گوتی دەسەڵاتداران ڕەتیان کردووەتەوە مۆڵەت بە هەردوو ڕۆژنامەی زەمان و سۆزجوو بدەن ڕووماڵی کۆنگرەکە بکەن. پاشان نووسیویەتی ئەم کارە جێی قبوڵ نیـیە.

بڕیارە لەو کۆنگرە نێودەوڵەتیـیە سەرۆک ئۆباما و ڕێبەرانی دیکەی وڵاتانی ئەندامی کۆمەڵەی بیست تیایدا بەشداری بکەن.

زۆر جار لە تورکیا ڕێگری لە ڕۆژنامەوانانی ئۆپـۆزسیۆن کراوە لەوەی ڕووماڵی هەواڵە گرنگەکانی حکومەت بکەن، بەڵام ئەوەی ڕێگریـیان لێبکرێت لە ڕووماڵکردنی بۆنەیەکی نێودەوڵەتی جێی سەرسوڕمانە.

لەم دوایـیانە دەیان لە سەرنووسەرانی دەزگاکانی ڕاگەیاندنی نێودەوڵەتی نامەیان بۆ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا نووسیوە و تیایدا نیگەرانی خۆیان نیشـانداوە لە بەرامبەر ڕەوشی ئازادی ڕۆژنامەگەری لە تورکیا، لەوانە هەڵمەتی دژی ڕاگەیاندنەکانی ئۆپـۆزسیۆن و دەسـتگیرکردنی ڕۆژنامەوانان.