دادگاییکردنەکان لەسەر مەرگی کۆرپەکان لە تورکیا دەستپێدەکات

ڕۆژی دووشەممە دەیان گومانلێکراو لە ئیستەنبوڵ دادگایی دەکرێن لەسەر مەرگی لانیکەم 10 کۆرپەی تازە لە دایکبوو، ئەمەش لە چوارچێوەی ساختەکارییەکی گەورەی ئاسایشی کۆمەڵایەتیدا کە بە خراپترین ئابڕوچوونی تەندروستی دادەنرێت لە تورکیادا.

لە کاتێکدا کە دادگاییکردنەکان لەسەر دۆسییەی کۆرپەکان دەستیپێکرد، ژووری دادگاییکردنەکە پڕ بوو لە ئەندامانی خێزانەکانی کۆرپەکان و ڕۆژنامەنووسان، بڕیارە 45 گومانلێکراو لە ماوەی چەند هەفتەی داهاتوودا شایەتی بدەن.

لێکۆڵەرەوان باوەڕییان وایە کە ستافێکی نەخۆشخانەیەکی تایبەت، لە بەڕێوەبەرەکانەوە بۆ پزیشکەکان و ئەو کارمەندانەشی کە وەڵامی تەلەفونە بەپەلەکان دەدەنەوە و تەنانەت شۆفێری ئوتومبێلەکانی فریاگوزاری خێراش، پلانگێڕییەکییان کردووە بۆ ناردنی منداڵانی تازە لە دایکبووی تەندروست بۆ یەکەکانی چاودێریی تازە لە دایکبووان لە پێناو دەستکەوتی داراییدا.

گومانلێکراوەکان هۆکاری تەندروستی ناڕاستییان داوە بە دایک و باوکی کۆرپەکان، گوایە کۆرپەکانییان بەبێ ئەوەی پێویست بکات لە یەکەکانی چاودێری ورد هێشتووەتەوە، هەندێک جار چەندین هەفتە ئەو کۆرپانەیان لەو یەکانەدا هێشتووەتەوە.

ئەو کۆرپانەی دیکە کە پێویستییان بە چارەسەری تایبەت بووە، هیچ کام لەو چارەسەرانەیان وەرنەگرتووە کە پێویستییان بووە.

ئامانجی ئەم کارەیان بە دەستهێنانی پارەی ئاسایشی کۆمەڵایەتی بووە کە 8000 لیرەی تورکی بووە بۆ هەر ڕۆژێک، ئەو پارەیە دەدرێت بەو نەخۆشخانە تایبەتانەی کە چارەسەری منداڵانی تازە لە دایکبوو دەکەن، جگە لەو پارەیە، نەخۆشخانەکە پارە لە دایک و باوکی کۆرپەکانیشەوە وەردەگرێت.

دواتر ئەو پارەیە لە نێوانییاندا دابەش کراوە.

تۆمەتەکە کە نزیکەی 1400 پەڕەیە، دەڵێت لە ماوەی چەندین ساڵدا لانیکەم 10 کۆرپە بەهۆی پشتگوێ خستن و چارەسەری نەگونجاوەوە گیانییان لە دەستداوە.

لێکۆڵینەوەکان لە مانگی پێنجی ساڵی 2023 دا دەستییان پێکرد و تاوەکو کۆتایی مانگی 10 بەردەوام بوون، لێکۆڵەرەوەکان لێکۆڵینەوەیان لە نزیکەی 350 سکاڵا دەکرد.

نەزلی ئاهی لە مانگی چواری ساڵی 2023 دا لە نەخۆشخانەیەکی تایبەتی ئیستەنبوڵ منداڵی بووە، بە دەزگای هەواڵی ئەنادۆڵۆی وتووە کە " ئەو شەوەی کە منداڵەکەم بوو، منداڵەکەم باش بوو، تەندروست بوو. ڕۆژی دواتر پێیان وتین کە کێشەی هەیە و فشاری خوێنی بەرزە و هەناسەدانیشی تەواو نیە."

وتی " دواتر وتییان دەیگوازنەوە " بۆ یەکەیەکی چاودێری تازە لە دایکبووان لە نەخۆشخانەیەکی دیکە.

چەند ڕۆژێک دوای ئەوە، منداڵەکەی گیانی لە دەستدا.

وتی " ئەگەر پێیان بووتینایە پێویستمان بە پارەیە، ئەوا ملیارانم دەدانێ ئەگەر بەس ئەوەندە منداڵەکەمییان بدامایەتەوە."

بەرپرسانی تورکیا نۆ نەخۆشخانەی تایبەتییان لە ئیستەنبوڵ و پارێزگاکانی دراوسێی داخستووە، بەو نەخۆشخانەیەشەوە کە لەلایەن وەزیری پێشووی تەندروستییەوە بەڕێوەدەبرا کە سەر بە پارتی ئاکەپەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆکی تورکیایە، وەزیرەکە لە ساڵی 2013-2016 وەزیری تەندروستی بووە.

لێکۆڵینەوە لە نۆ سەنتەری تەندروستی دیکەش دەکرێت.

تۆمەتبارەکان ئەگەر تاوانبار بکرێن ئەوا سزای زیندانیکردنی چەند سەد ساڵێکییان بەسەردا دەسەپێندرێت.

سەرچاوە/ فرانس پرێس