هەڵاوسانی ئابووری تورکیا دادەبەزێت بۆ لە سەدا 52

بەپێی داتایەکی فەڕمی کە ڕۆژی سێشەممە بڵاوکراوەتەوە، ڕێژەی هەڵاوسانی ئابووری ساڵانەی تورکیا لە مانگی هەشتدا خاوتر بووەوە و دابەزی بۆ لە سەدا 52، ئەوەش دوای ئەوەی لە مانگی حەوتدا ڕێژەکە گەیشتە لە سەدا 61.8.

بانکی ناوەندی تورکیا ساڵی ڕابردوو دەستیکرد بە زیادکردنی ڕێژەی سوود لە هەوڵێکدا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی زیادبوونی نرخەکان، ئەوەش دوای ئەوەی سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان دەستبەرداری دژایەتییکردنی سیاسەتە ئۆرتۆدۆکسەکەی دراو بوو.

لە مانگی 10 ی ساڵی 2022 دا ڕێژەی هەڵاوسانی ئابووری تورکیا گەیشتە بەرزترین ئاستییەوە لە ماوەی دەیان ساڵی ڕابردوودا و ڕێژەکە گەیشتە لە سەدا 85.

لە مانگی شەشی ساڵی 2023 دا ڕێژەکە دابەزی بۆ لە سەدا 38.2 و دواتر جارێکی دیکە بەرز بووەوە. لە مانگی پێنجی ئەم ساڵدا گەیشتە لە سەدا 75، بەڵام لە مانگی شەشەوە دەستیکردووەتەوە بە دابەزین.

بەپێی ئامارێکی وەبەرهێنەرانی بانکی ناوەندی تورکیا، ڕەنگە لە کۆتایی ساڵی 2024 دا ڕێژەی هەڵاوسان لە تورکیادا بگاتە 43.2.

دامەزراوەی ئامارەکانی تورکیا دەڵێت زۆرترین بەرزبوونەوەی نرخەکان لە مانگی هەشتدا لە بواری خوێندندا بووە، بە جۆرێک نرخەکان لە سەدا 120.8 زیادییان کردووە، خانووبەرە لە سەدا 101.5 و هۆتێل و ڕێستۆرانتەکانیش لە سەدا 67.7 نرخەکانییان زیادی کردووە.

ئابووریناسانی سەربەخۆ دەڵێن ڕێژەی هەڵاوسانی ئابووری تورکیا زۆر زیاترە لەو ڕێژەیەی کە بە فەڕمی بڵاودەکرێتەوە و هەڵاوسانەکە گەیشتووەتە لە سەدا 90.35.

سەرچاوە/ فرانس پرێس