وەزیری وزەی تورکیا دەڵێت سەرەڕای سزاکانی ئەمەریکا بەسەر تاران وڵاتەکەی لە کارە بازرگانیـیەکانی لەگەڵ ئێراندا بەردەوام دەبێت بەپـێی ئەو گرێبەستانەی لە نێوان هەردوو وڵات مۆرکراون.
فاتح دونماز ئەمڕۆ چوارشەممە لە لێدوانێکیدا بۆ كهناڵی(a Haber) گوتی تورکیا ساڵانە نزیکەی 9.5 ملیار مەتر سێجا گازی سروشتی لە ئێران دەکڕێت. ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد ئەنکەرە گرێبەستی هاوردەکردنی گازی سروشتی لەگەڵ تاران مۆرکردووە کە هەتا ساڵی 2026 بەردەوام دەبێت.
ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە 5 ی مانگی یازدە بەشی دووەمی سزاکانی بەسەر ئێراندا دەسەپێنێتەوە. لەم بەشە هەناردەکردنی نەوت و گازی ئێرانی قەدەغەدەکرێت، وە هەرچ وڵات و لایەنێک هاوردەی ئەم دوو سەرچاوە سەرەکیـیەی داهاتی ئێران بکات، ئەوا ڕووبەڕووی سزاکانی ئەمەریکا دەبێتەوە.
لە ئێستادا شاندێکی 9 کەسی تورکیا بە سەرۆکایەتی سادات ئۆنال جێگری وەزیری دەرەوە لە واشنتنە بە مەبەستی وتووێژکردن لەگەڵ کاربەدەستانی ئەمەریکا لە بارەی ناکۆکیـیەکانی نێوان هەردوو وڵات، لەوانە کەیسی قەشە ئەندرۆ برەنس کە نزیکەی دوو ساڵە لە تورکیا دەستگیرکراوە بە تۆمەتی سیخوڕی و پشتیوانیکردن لە فەتحوڵڵا گولەن و پارتی کرێکارانی کوردستان.
فاتح دونماز لە لێدوانەکەیدا هیوای خواست شاندی وڵاتەکەی بە ڕێکەوتنێک لەگەڵ ئەمەریکایـیەکاندا بگات.