تورکیا و ئیسڕائیل گرژییەکانی نێوانیان دەخەنە لاوە و پەیوەندییەکان ئاسایی دەکەنەوە

تورکیا و ئیسڕائیل دەڵێن باڵیۆزەکانیان دەگەڕێننەوە بۆ وڵاتانی یەکتر، ئەمەش چوار ساڵ دوای ئەوەی هەردوو وڵات باڵیۆزەکانیان لە وڵاتانی یەکتر کشاندەوە.

ئەمانەی خوارەوە ڕووداوەکانی پێش ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان دوو وڵاتەکەیە:

لە مانگی یەکی ساڵی 2009 دا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان کە ئەو کاتە سەرۆک وەزیری تورکیا بوو مەکۆی کۆڕبەندی داڤۆسی جێهێشت دوای ئەوەی داوای " یەک خولەکی " کرد بۆ ڕەخنەگرتن لە هێرشە ئاسمانییە کوشندەکانی ئیسڕائیل بۆ سەر فەڵەستینییەکان، ئەوەش وەکو وەڵامێک بوو بۆ وتارێکی درێژی سەرۆکی ئەو کاتەی ئیسڕائیل شیمۆن پیرێس.

لە مانگی پێنجی ساڵی 2010 دا هێزەکانی کۆماندۆی ئیسڕائیل 9 چالاکەوانی تورکیایان لە هێرشێکدا بۆ سەر کەشتی ماڤی مەڕمەڕەدا کوشت، کە کەشتییەکە ڕابەرایەتی کەشتیگەلییەکی جەنگی دەکرد کە یارمەتییان بەرەو غەزە دەبرد. ئیسڕائیل لەو کاتەدا گەمارۆی ئاوی خستبووە سەر کەرتی غەزە کە لەلایەن بزووتنەوەی حەماسەوە بەڕێوەدەبرێت. چالاکەوانێکی دیکە لەو هێرشەدا برینداربوو بەڵام دوای چەند ساڵێک لە بێهۆشی لە ساڵی 2014 دا گیانی لەدەستدا.

لە مانگی نۆی ساڵی 2011 دا ئەنقەرە پلەی نێردە دیبلۆماتییەکەی ئیسڕائیلی لە تورکیا دابەزاند بۆ ئاستی سکرتێری دووەم، دوابەدوای دەرچوونی ڕاپۆرتەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە هێرشەکەی ئیسڕائیل بۆ سەر کەشتییەکە، تورکیا دەستبەجێ دیبلۆماتکارە ئیسڕائیلییەکانی لە وڵاتەکەدا دەرکرد.

لە مانگی سێی ساڵی 2013 دا، لە پەیوەندییەکی تەلەفونی نێوان ئەردۆغان و سەرۆک وەزیری پێشووی ئیسڕائیل بنیامین نەتانیاهودا کە سەرۆکی ئەو کاتەی ئەمەریکا باراک ئۆباما کارئاسانی بۆ پەیوەندییە تەلەفونییەکە کردبوو، نەتانیاهو داوای لێبووردنی لە تورکیا کرد لەسەر ئەو هەڵانەی کە ڕەنگە بووبێتنە هۆی کوژرانی چالاکەوانەکانی تورکیا لەسەر کەشتی ماڤی مەڕمەڕە.

لە مانگی دوانزەی ساڵی 2015 دا ئیسڕائیل و تورکیا ڕێکەوتنێکی سەرەتاییان واژۆ کرد بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوانیان، بە گەڕانەوەی باڵیۆزەکانیشیانەوە.

لە مانگی شەشی ساڵی 2016 دا دوو وڵاتەکە ڕێکەوتنێکیان واژۆ کرد بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوانیان دوای شەش ساڵ لە ناکۆکی و گرژی، ڕێکەوتنەکەیان کرد بە ڕێکەوتنێکی فەڕمی و سکرتێری گشتی ئەو کاتەی نەتەوە یەکگرتووەکان بان کی موون گوتی ڕێکەوتنەکە " ئاماژەیەکی هیوایە " بۆ سەقامگیری ناوچەکە.

لە مانگی یانزەی ساڵی 2016 دا لە هەوڵێکی دیکەدا بۆ گەڕاندنەوەی پەیوەندییە دیبلۆماسییەکانی نێوانیان، ئەردۆغان باڵیۆزێکی نوێی تورکیای بۆ ئیسڕائیل دەستنیشانکرد، ئیسڕائیلییەکانیش هەمان کارییان کرد.

لە مانگی شەشی ساڵی 2017 دا وەزیری دارایی تورکیا وتی ئیسڕائیل 20 ملیۆن دۆلاری وەکو قەرەبوو داوەتە خێزانی قوربانییانی هێرشەکەی ئیسڕائیل بۆ سەر کەشتیگەلەکە.

لە مانگی پێنجی ساڵی 2018 دا تورکیا و ئیسڕائیل دیبلۆماتکارە باڵاکانی یەکترییان دەرکرد، ئەوەش بەهۆی کوژرانی 60 فەڵەستینی لەمیانەی خۆپیشاندانەکانی سەر سنووری غەزەدا لەلایەن هێزەکانی ئیسڕائیلەوە، خۆپیشاندانەکانیش دژی کردنەوەی باڵیۆزخانەی ئەمەریکا بوون لە ئۆرشەلیم. ئەردۆغان خوێنڕشتنەکەی بە کۆمەڵکوژی ناوبرد و ئیسڕائیلی بە دەوڵەتێکی تیرۆریست ناوبرد.

لە مانگی دوانزەی ساڵی 2019 دا ئیسڕائیل دژایەتی ڕێکەوتنێکی کرد کە لە مانگی پێشووتردا لەنێوان لیبیا و تورکیادا واژۆ کرابوو، تورکیا و لیبیا لە ڕێکەوتنەکەدا نەخشەی سنووری ئاوییان لە ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەنددا کێشا. مانگێک دوای ئەوە، ئیسڕائیل و یۆنان و قوبرس ڕێکەوتنێکیان واژۆ کرد بۆ دروستکردنی هێڵێکی بۆری گاز بۆ گواستنەوەی گازی سروشتی بۆ ئەوروپا. پڕۆژەکە لەلایەن تورکیاوە دژایەتیکرا و دواتریش چەقی بەست.

لە مانگی یانزەی ساڵی 2011 دا تورکیا دوو هاوڵاتی ئیسڕائیلی ئازاد کرد کە بەهۆی وێنەگرتنی شوێنی مانەوەی ئەردۆغانەوە لە ئیستەنبوڵ دەستگیرکرابوون و تۆمەتی سیخوڕیکردنیان ئاڕاستە کرابوو. ئیسڕائیلیش ئەو تۆمەتەی ڕەت کردەوە. بەپێی ئۆفیسەکەی بێنێت، سەرۆک وەزیری پێشووی ئیسڕائیل نەفتاڵی بێنێت دواتر قسەی لەگەڵ ئەردۆغاندا کردووە، ئەوەش لە ساڵی 2013 ەوە یەکەمین گفتوگۆی نێوان ڕابەرانی تورکیا و ئیسڕائیل بوو.

لە مانگی دووی ساڵی 2022 دا ئەردۆغان وتی تورکیا دەتوانێت لەگەڵ ئیسڕائیلدا پێکەوە کاربکات بۆ گواستنەوەی گازی سروشتی ئیسڕائیل بۆ ئەوروپا و دوو وڵاتەکە لەمیانەی گفتوگۆکانی مانگی سێدا باس لە هاریکارییەکانی نێوانیان دەکەن لەڕووی وزەوە.

هەر لە مانگی دووی ساڵی 2022 دا وەزیری دەرەوەی تورکیا مەولود چاوش ئۆغلۆ پێش سەردانەکەی سەرۆکی ئیسڕائیل بۆ تورکیا وتی تورکیا دەستبەرداری بەرپرسیارێتییەکانی لەسەر دەوڵەتێکی فەڵەستینی نابێت تاوەکو پەیوەندییەکی فراوانتری لەگەڵ ئیسڕائیلدا هەبێت.

لە مانگی سێی ساڵی 2022 دا سەرۆکی ئیسڕائیل ئیسحاق هێرزۆگ لەسەر بانگهێشتی ئەردۆغان سەردانی تورکیای کرد. لە ساڵی 2008 ەوە ئەوە یەکەمین سەردانی ئاست بەرزی لەو جۆرەی ئیسڕائیل بوو بۆ تورکیا.

لە مانگی پێنجی ساڵی 2022 دا وەزیری دەرەوەی تورکیا مەولود چاوش ئۆغلۆ سەردانی ئیسڕائیلی کرد و لەگەڵ هاوتا ئیسڕائیلییەکەی یائیر لاپیددا کۆبۆوە. دوو بەرپرسەکە وتیان وڵاتەکانیان هیواخوازن پەیوەندییە ئابوورییەکانی نێوانیان فراوانتر بکەن، لەکاتێکدا هەوڵ دەدەن کۆتایی بە گرژییە دە ساڵییەکەی نێو پەیوەندییەکان بهێنن.

لە مانگی هەشتی ساڵی 2022 دا تورکیا و ئیسڕائیل وتیان باڵیۆزەکانیان بۆ وڵاتانی یەکتر دەگەڕێننەوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز