تورکیە 15 کەس بە تۆمەتی سیخوڕیکردن بۆ ئیسرائیل زیندانی دەکات

وەزیری دادی تورکیا دەڵێت دادگایەکی ئیستەنبوڵ فەرمانی زیندانیکردنی بۆ 15 کەس لە کۆی 34 کەس دەرکردووە کە بە گومانی سیخوڕیکردن بۆ ئیسڕائیل دەستبەسەرکرابوون، ئەمەش پێش ئەوەی ئەو کەسانە دادگایی بکرێن.

گومانلێکراوەکان ڕۆژی سێشەممە دەستگیرکراون بە تۆمەتی ئەوەی گوایە پلانییان داناوە کۆمەڵە چالاکییەک ئەنجام بدەن، لەوانەش " دیدەوانی و شوێنکەوتن و هێرشکردن و ڕفاندنی " ئەو بیانیانەی کە لە تورکیا دەژین.

وەزیری دادی تورکیا یەڵماز تونچ ڕایگەیاندووە لەو 34کەسەی بە تۆمەتی ئەنجامدانی "سیخوڕی سیاسی یاخود سەربازیی" بۆ هەواڵگری ئیسڕائیل دەستگیرکرابوون، 15کەسیان زیندایکراون و 11کەسییان بە مەرجی دەسەڵاتی دادوەری ئازاد کراون و 8 کەسی دیکەشیان لەو وڵاتە بڕیارە دەربکرێن و ڕەوانەی وڵاتی خۆیان بکرێنەوە.

دەزگای هەواڵی ئەنادۆڵوی تورکیا وتی باوەڕوایە دەزگای هەواڵگری بیانی ئیسڕائیل موساد هاووڵاتییانی فەلەستینی و سوریی لە ناو تورکیادا بە کرێ گرتبێت بۆ سیخوڕیکردن لە دژی ئەو بیانییانەی کە لە تورکیا دەژین.

تورکیا بە پێچەوانەی زۆرێک لە هاوپەیمانانی ڕۆژئاوایی و بەشێک لە وڵاتانی عەرەبی، حەماس بە ڕێکخراوێکی تیرۆریستی نازانێت.

دەوڵەتی تورکیا ڕەخنەگرێکی جیددی هێرشەکنی ئیسرائیلە بۆ سەر غەززە و ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا و بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیلیش لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لێدوانی توندی دژ بە یەکتریان هەبووە.


سەرچاوە/ AP