قائیمقامی پـێنجوێن: بۆردوومانەکانی تورکیا زیانی بە کشتوکاڵی ناوچەکەمان گەیاندووە

قائیمقامی قەزای پێنجوێن دەڵێت سەر لە بەیانی ئەمڕ‌ۆ سێشەممە لە کاتژمێر 6:30فڕۆکە جەنگیـیەکانی تورکیا بۆ نزیکەی 20 خولەک چەند گوندێکی سنووری قەزاکەیان بۆردوومان کردووە. هەرچەندە زیانی گیانی لێ نەکەوتەوە، بەڵام زیانی بە کشتوکاڵی ناوچەکە گەیاند. وەزارەتی بەرگری تورکیاش پشتڕاستی هێرشەکان دەکاتەوە و ئاماژە بۆ ئەوە دەکات"ئەم پرۆسەیە بێ وەستان بەردەوام دەبێت"

زانا عەبدول ڕەحمان، قائیمقامی قەزای پێنجوێن لە وتوێژێکی دەنگی ئەمەریکادا ڕایگەیاند" بەرەبەیانی ئەمڕۆ بۆردوومانەکان کراون، لە ڕێگەی دوو بۆ سێ فڕۆکەوە، کاتێک چووینەتە شوێنەکە بۆمان دەرکەوتووەتە تەنها فڕۆکەی بێفڕۆکەوان نەبوون، ئەو زیانەی بەر ئەو شوێنە کشتوکاڵیانە کەوتوون زۆر گەورەن و ترس و دڵەڕاوکێیان دروستکردووە کە پێکهاتوون لە گوندەکانی خونیانە و ئۆمەرەسێنان، بناویان، کانی میران، وریاوا، ساڵیاوە و قزڵجە."

سەبارەت بە زیانەکانی بۆردوومانەکە قائیمقامی قەزای پێنجوێن ڕایگەیاند" زیانی گیانیمان نەبووە بەڵام زیان بە چەند ناوچەیەکی کشتوکاڵی کەوتوون."

سەبارەت بەوەی کە بۆردوومانەکان لەلایەن چ وڵاتێکەوە بوون قائیمقامی پێنجوێن ڕ‌ایگەیاند "بۆدوومانەکان بەدڵنیاوە لەلایەن تورکیاوە ئەنجام دراون، چونکە لە ڕووی سەربازیـیەوە تەنها تورکیا ڕێگەپێدانی هەیە فڕۆکەکانی بهێنێتە هەرێمی کوردستانەوە وە وەزارەتی بەرگری تورکیاش بڵاویان کردووەتەوە کە 27 شوێنیان لە سنووری پارێزگای سلێمانی بوردمان کردووە."

سەبارەت بە هەڵوێستی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆدوومانەکەی پێنجوێن قائیمقامی پێنجوێن ڕایگەیاند" هەریەک لە نووسینگەی جێگری سەرۆکی حکومەت و بریکاری وەزارەتی ناوخۆی هەرێم و پارێزگای سلێمانی پەیوەندیـیان کردووە، لە بارودۆخەکەیان پرسیوە بە ئومێدی ئەوەی لەگەڵ حکومەتی ناوەند هەماهەنگی بکەن و هێرشەکان ڕابگیرێن، چونکە تورکیا ئەمڕۆ هەڕەشەی کردووە کە هێرشەکان بەردەوام دەبن".

سەبارەت بە ئەگەری بەردەوامی هێرشەکان بۆ قەزاکە قائیمقامی پێنجوێن ڕایگەیاند " دەنگی فڕۆکە لە ئاسمانی پێنجوێن هەیە و شایەتحاڵەکان فڕۆکەیان بینیوە، بەڵام لە هەموو ماڵێک ترس و دڵەڕاوکێی هەیە.

سەبارەت بە بوونی بنکە و بارەگاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان لە سنوورەکە زانا عەبدول ڕەحمان ڕایگەیاند" هیچ بنکە و بارەگایەکی پەکەکە لە هیچ گوندێکی دیاریکراوی ئێمەدا نیـیە، وەک ئەوەی بارەگا و بازگەیان هەبێت، پێنجوێن ناوچەیەکی سنووریـیە، کەس ناتوانێت بەر بە پارتیزانی بگرێت، ئەگەر دووبارە بێتەوە کارەساتی لێدەکەوێتەوە. ئەمە وایکردووە لە پێنجوێنەوە تا زاخۆ کەس لە خۆی دڵنیا نەبێت".

بۆدوومانەکەی پێنجوێن لە کاتێکدایە خولوسی ئاکار وەزیری بەرگری تورکیا ڕ‌ایگەیاند" سوپای تورکیا بە هاوکاری دەزگای هەواڵگری تورکیا- میت 28 ئامانجی لە شارباژێڕەوە بە درێژایی چیای ئاسۆس پێکاوە و فڕۆکەکان بە قوڵایی 200 کیلومەتر لە ڕێگەی فڕۆکەی ئێف 16 و بێفڕۆکەوانەوە ئەنجام دراون و پرۆسەکەش بێ‌ وەستان بەردەوام دەبێت، زیاتر لە 28 فڕۆکە بەشداریـیان کردووە لە بەرامبەردا هێزەکانی پاراستنی گەل – هەپەکە ( باڵی سەربازی پەکەکە) تا ئێستا هیچ زانیاریـیەکیان لەسەر هێرشەکان بڵاونەکردووەتەوە .

Your browser doesn’t support HTML5

ڕاپـۆرتی فەرحان هەورامانی