تورکیا بیر لە داواکەی پارتی دەم دەکاتەوە بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ ئۆجەلاندا

سەرکردەی پارتی کرێکارانی کوردستان عەبدوڵا ئۆجەلان

وەزیری دادی تورکیا ڕۆژی سێشەممە وتی داواکەی پارتی دەمی لایەنگری کوردەکان بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ سەرکردەی پارتی کرێکارانی کوردستان عەبدوڵا ئۆجەلانی زیندانیکراودا تاوتوێ دەکرێت، بەڵام هیچ وردەکارییەکی دیکەی نەدا.

وەزیری دادی تورکیا یەڵماز تونچ بە ڕۆژنامەنووسانی وت " پڕۆسەکە بەردەوامە، کاردەکەین بۆ دیاریکردنی ڕۆژێکی گونجاو."

هاوپەیمانێکی نەتەوەپەرستی سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان مانگی ڕابردوو پێشنیاری کرد پارتی دەم ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئۆجەلاندا قسە بکات.

پارتی دەم لە 26 ی مانگی یانزەدا داواکەی پێشکەشی وەزارەتی داد کرد تاوەکو لەگەڵ ئۆجەلاندا کۆببنەوە. ئۆجەلان لە ساڵی 1999 ەوە لە دوورگەیەکی باشووری ئیستەنبوڵ لە زینداندایە.

هاوسەرۆکی پارتی دەم دەیەوێت لەگەڵ ئۆجەلاندا قسە بکات بۆ ئەوەی گفتوگۆیەک لە نێوان حکومەتی تورکیا و پارتی کرێکارانی کوردستاندا دروست بکات، کە ماوەی دەیان ساڵە لە ململانێدان. بەهۆی ململانێکەوە زیاتر لە 40,000 کەس کوژراون.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز