ئینتەرفاکس: ڕووسیا و تورکیا ڕێککەوتوون لەسەر سەردانەکەی پوتن بۆ تورکیا

دەزگای هەواڵی ئینتەرفاکسی ڕووسیا لە زاری بەرپرسێکی کرێملنەوە بڵاویکردەوە سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن و سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان ڕێککەوتوون لەسەر ئەوەی پوتن " بەمزووانە " سەردانی تورکیا بکات.

سەردانەکە دەبێتە یەکەمین سەردانی پوتن بۆ وڵاتێکی ئەندام لە ناتۆدا لە دوای دەستپێکردنی جەنگەکەیەوە لە ئۆکرانیادا. لە دوای دەستپێکردنی داگیرکارییەکەی ڕووسیاوە لە ئۆکرانیا، پوتن بە دەگمەن گەشتی دەرەوەی ڕووسیای کردووە.

ئینتەرفاکس لە زاری ڕاوێژکاری سیاسەتی دەرەوەی کرێملن یوری ئوشاکۆڤەوە بڵاویکردەوە " بانگهێشتێک هەیە لەلایەن سەرۆکی تورکیاوە. پوتن و ئەردۆغان ڕێککەوتوون لەسەر ئەوەی سەردانەکە لە داهاتوویەکی نزیکدا بێت، بەڵام هێشتا بە دیاریکراوی باسمان لە ڕۆژ و بەرواری سەردانەکە نەکردووە."

ئەردۆغان کە مانگی ڕابردوو جارێکی دیکە وەکو سەرۆکی تورکیا هەڵبژێردرایەوە، هەوڵیداوە پەیوەندییە بەهێزەکانی لەگەڵ مۆسکۆ و کیێڤیشدا بپارێزێت.

تورکیا ڕەتی کردۆتەوە بەشدار بێت لە سزاکانی هاوپەیمانە ڕۆژئاواییەکانیدا دژی ڕووسیا، بەڵام لە هەمان کاتیشدا چەکی داوە بە ئۆکرانیا و وتوویەتی دەبێت ڕێز لە سەروەری و یەکپارچەیی خاکی ئۆکرانیا بگیرێت.

وتەبێژی کرێملن دمیتری پێسکۆڤ ستایشی " هاریکارییە بێپێشینەکەی " نێوان ڕووسیا و تورکیای کرد و ستایشی ئەردۆغانی کرد لەسەر " هەڵوێستە هاوسەنگەکەی " بەرامبەر جەنگەکەی ئۆکرانیا.

لە مانگی سێدا دادگای تاوانی نێودەوڵەتی فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ پوتن دەرکرد، ئەوەش ئەوە دەگەیەنێت کە ڕەنگە پوتن مەترسی دەستگیرکردنی لەسەر بێت ئەگەر گەشت بکات بۆ دەرەوەی ڕووسیا. بەڵام تورکیا ئەندام نیە لە یاسای ڕۆمادا کە دادگای تاوانی نێودەوڵەتی دروست کردووە، لەبەر ئەوە پوتن هیچ مەترسییەکی لەسەر نابێت ئەگەر سەردانی تورکیا بکات.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز