بەهۆی زریانەوە لە تورکیا 9 کەس گیانییان لەدەستداوە و کەشتییەک نقومبووە و 11 کەس بێسەروشوێن بوون

بەرپرسانی تورکیا دەڵێن بەهۆی زریانی بەهێز و لافاوەوە لە وڵاتەکەدا نۆ کەس گیانییان لە دەستداوە، هاوکات کەشتییەکی بارهەڵگریش لە کەناری دەریای ڕەشی تورکیا نقومبووە و ئەندامێکی کەشتییەکە گیانی لە دەستداوە و 11 ئەندامی دیکەیان بێسەروشوێن بوون.

وەزیری ژێرخان و گواستنەوەی تورکیا ئەبدولکادر ئورالۆگو وتی کەشتی کافکامیتلەر کە ئاڵای تورکیای بەسەرەوەیە ڕۆژی یەکشەممە لە دەرەوەی لەنگەری شارۆچکەی ئیریگلی نقومبووە کە دەکەوێتە 200 کم لە ڕۆژهەڵاتی ئیستەنبوڵەوە. وتیشی کەشتییەکە کە لە ڕێگایدا بووە بۆ بەندەری ئیزمیر لە ڕۆژئاوای تورکیا، چەندین جار خۆی کێشاوە بە شەپۆل شکێنەکاندا و دواتر نقووم بووە.

وتیشی ئەرکەکانی فریاگوزاریش بەهۆی خراپی کەش و هەواوە بۆ چەند کاتژمێرێک دواخران، بەڵام کە کەشەکە باش بوو تیمەکانی فریاگوزاری ڕۆژی دووشەممە لاشەی چێشتلێنەری کەشتییەکەیان دۆزیوەتەوە.

وەزیری ناوخۆی تورکیا عەلی یەرلیکایا وتی لانیکەم سێ کەس لە زریانەکانی شارۆچکەی ئیریگلیدا گیانییان لە دەستداوە، پێنج کەسی دیکە بەهۆی لافاوەوە لە دیاربەکر و باتمانی باشووری ڕۆژهەڵاتی تورکیا گیانییان لە دەستداوە. قوربانییەکان داپیرەیەک و سێ نەوەکەی بوون. نزیکەی 50 کەسی دیکەش بریندار بوون.

بەڕێوبەرایەتی گشتی هاتوچۆی دەریایی وتی هەر لە دەرەوەی کەناری ئیرگلی، کەشتییەکی دیکەی بارهەڵگر، پالادا، کە ئاڵای کامیرۆنی بەسەرەوە بوو، بەهۆی خراپی کەش و هەواوە دوو کەرت بووە، دوای ئەوەی خۆی بە شەپۆلێکی پێنج مەتریدا داوە. وتیشی سەرجەم 13 ئەندامەکەی کەشتییەکە بە پارێزراویی ڕزگارکراون.

وەزیری دادی تورکیا یەڵماز تونچ وتی زیندانییان لە زیندانی ئیریگلییەوە گواستراونەتەوە بۆ زیندانەکانی ئەو دەوروبەرە، ئەوەش بەهۆی بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوەکانەوە.

لە بولگاریای دراوسێی تورکیاش بەهۆی بای بەهێز و باران بارینی زۆرەوە دوو کەس گیانییان لە دەستداوە و هێڵەکانی کارەبا پچڕاون. بەرپرسانی ئەو وڵاتە باری نائاساییان لە شاری ڤارنای سەر دەریای ڕەش ڕاگەیاندووە.