نووسینی: قاسم جندەمیر
شیکەرەوان دەڵێن هێزەکانی تورکیا زیاتر لە هەفتەیەکە ئۆپەراسیۆنێـکی لەشکریـیان لە ناو خاکی سوریا دەسـتپـێـکردووە بەبێ ئەوەی ستراتیژێـکیان بۆ کشانەوە هەبێت. دەشڵێن ڕەنگە ئەم ئۆپەراسیۆنە کاریگەری پـێچەوانەی هەبێت لەسەر هەوڵەکانی ئەمەریکا لە دژی داعش لە ناوچەکەدا.
خانم گۆنوول تۆل بەڕێوەبەری بەشی تورکیا لە پـرۆگرامی ئنستتیوتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە واشنتن بە دەنگی ئەمەریکای گوت چوونی لەشکری تورکیا بۆ ناو سوریا شەڕی واشنتن لە دژی داعش ئاڵۆزتر دەکات.
دەشڵێت " وەها پــێدەچێت لەشکری تورکیا بەردەوامبێت لە سەنگی خستنە سەر یەپەگە و لەوەش ناچێت نیازی کشانەوەی هەبێت و ڕەنگە بۆ ماوەیەکی درێژ لە ناو سوریا بمێنێتەوە."
سەنگی ئەمەریکا لەسەر شەڕی داعش
وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا و کۆشـکی سـپی ڕایانگەیاند جموجۆڵە لەشکریـیەکانی تورکیا لەو ناوچانەی سوریا کە داعش تیایاندا چالاک نیـیە "جێی قبوڵ نیـیە."
ئاشتن کارتەر وەزیری بەرگری ئەمەریکا ڕۆژی دووشەممە گوتی " داوامان لە تورکیا کردووە تەنیا سەنگی بخاتە سەر شەڕی دژی داعش نەک بکەوێتە شەڕەوە لەگەڵ هێزەکانی سوریای دیموکرات.
پارتی یەکێتی دیموکراتی (پەیەدە) و باڵە لەشکریـیەکەی یەپەگە بەشێـکن لە هێزەکانی سوریای دیموکرات کە شەڕی ڕژێمەکەی بەشار ئەسەد سەرۆکی سوریا دەکەن، تورکیا بە گروپـی تێرۆرستیـیان دادەنێت، لە کاتێـکدا ئەمەریکا یەپەگە بە باوەڕپـێکراوترین هاوپەیمانی خۆی لە دژی داعش لە سوریا دادەنێت.
پەیەدە پەیوەندی هەیە لەگەڵ پارتی کرێکارانی کوردسـتان (پەکەکە) کە زیاتر لە 30 سـاڵە شەڕ لە دژی تورکیا دەکات بۆ بەدەسـتهێنانی مافی زیاتری سیاسی و کولتوری بۆ کورد لە تورکیا.
تورکیا داعش یان کورد دەکاتە ئامانج؟
هەندێک لە شیکەرەوان دەڵێن ئۆپەراسیۆنی تورکیا لە ناو سوریا ئامانجی کەمکردنەوەی ڕۆڵی کوردە لەسەر سنوورەکانی لەگەڵ سوریا. هەندێـکیش هەن داکۆکی لە ئۆپەراسیۆنەکە دەکەن و دەڵێن کارێکە بۆ بەرژەوەندی نیشتیمانی تورکیا بەپـێی یاسا نێودەوڵەتیـیەکان.
حەسەن سەلیم ئۆزێرتەم شارەزای ئاسایشی لە ڕێـکخراوی تورکیا بۆ توێژینەوە ستراتیژیـیە نێودەوڵەتیـیەکان دەڵێت " تورکیا هەندێـک جار ڕووبەڕووی هەڕەشەکانی داعش بووەتەوە. لە سنوورەوە ڕۆکێتی بۆ هەڵدراوە و هێرشی خۆکوژی لە ناو تورکیا ئەنجامداروە و چەندان خەڵکی سیڤیل بوونەتە قوربانی."
حەسەن سەلیم کە بۆ بەشی تورکی دەنگی ئەمەریکا قسەی کردبوو، گوتوشیەتی " تورکیا بە پـێی بەندی 51 ی پەیمانـنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان کە ڕێگە دەدات بەرگری لە خۆی بکات، چووەتە ناو جەرابلوسەوە. هەروەها ئەم ئۆپەراسیۆنە نیشانی هەموو لایەکی دەدات کە لەشکری تورکیا سەرەڕای هەوڵی کودەتاکەی 15 ی مانگی حەوت هەمیشە ئامادەیە بەرژەوەندیـیەکانی وڵاتەکەی بپـارێزێت."
فکری ئیشق وەزیری بەرگری تورکیا دەڵێت حکومەتی وڵاتەکەی لە ئۆپەراسیۆنی قەڵغانی فورات بەردەوام دەبێت هەتا ئارامی لەسەر سنوورەکانی تورکیا لەگەڵ سوریا بەرقەراردەبێت. ئەم لێدوانە لە لایەن هەندێـک لە شارەزایانەوە وەها لێکدەدرێتەوە کە تورکیا کاتێـکی دیاریکراوی بۆ کۆتاییهێنان بە ئۆپەراسیۆنەکەی لە ناو سوریا دانەناوە.
مەترسی ڕوودانی بێسەروبەری زیاتر لە سوریا
ئەڵن ماکۆڤسکی دیپـلۆماتی پـێشووی ئەمەریکا کە لە ئێسـتادا کەسێـکی باڵایە لە سەنتەری بەرەوپـێشچوونی ئەمەریکایی لە واشنتن دەڵێت ڕەنگە سوریا بـبێتە زۆنگاوێـک بۆ تورکیا.
ماکۆڤسکی بە دەنگی ئەمەریکای گوت " چەند لەشکری تورکیا لە ناو سوریا دەمێنێتەوە، ئەوە دەوەستێـتە سەر ئامانجی ئۆپەراسیۆنەکەی تورکیا... ئەگەر ببێتە مایەی دروسـتبوونی گۆڕەپانێـکی نوێی شەڕی نێوان تورک و کورد، ئەوا بێسەروبەری زیاتر دەچێتە سەر ئەو بێسەروبەریـیەی ئێستا سوریای گرتووەتەوە."
ماوەی مانەوەی هێزەکانی تورکیا لە ناو سوریا و کاریگەری تەواوی بەسەر هەوڵەکانی ئەمەریکا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی داعش بە درێژایی سنوورەکانی سوریا لەگەڵ تورکیا بێ وەڵام دەمێنـنەوە. زۆربەی شیکەرەوان دەڵێن تورکیا ئامانجی جیاجیای تایبەتی خۆی هەیە لەم بەزاندنی سنوورەی سوریا.
ئۆیتوون ئۆرهان لە سەنتەری تورکیا بۆ توێژینەوە ستراتیژیـیەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە دەنگی ئەمەریکای گوت " داعش بە ئاسانی لە سنووری تورکیاوە دزەی دەکرد، بۆیە ئامانجی یەکەمی ئۆپەراسیۆنەکە دورخستنەوەی داعشە لە سنوورەکان. لە هەمان کاتدا باڵی لەشکری پەکەکە کە یەپەگەیە لە سوریا و هەوڵ دەدات جموجۆڵ لە ناوچە سنووریـیەکان بکات، تورکیا دەیەوێت ڕێگە لە ئەویش بگرێت دەستکەوت بەدەسـتبهێنێت.