سبەینێ لە شاری سلێمانی خۆپیشاندان بۆ پشتگیری کوردانی سووریا ئەنجامدەدرێت

لە شاری سلێمانی بەرەی پشتیوانی بۆ ڕۆژئاوای کوردستان و باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا درووستبوو و سبەینێ پێنجشەممە هەڵدەستن بە ئەنجامدانی خۆپیشاندانێک بۆ پشتگیری کوردانی سوریا و دژایەتی ئۆپراسیۆنی سەربازی تورکیا بۆ سەر ناوچە کوردییەکان.

دوای هەڕەشە و ئامادەکارییەکی زۆر لەماوەی ڕابردوودا، ئەمڕۆ چوارشەممە ئۆپراسیۆنی سەربازی تورکیا بۆ سەر ناوچە کوردییەکانی سووریا دەستیپێکرد و دەیان فڕۆکەی جەنگی دەستیان کرد بە مووشەکبارانکردنی شارە کوردییەکانی نزیک لە سنوور.

ئارام هادی نوێنەری چالاکوانانی مەدەنی وتی "سبەینێ پێنجشەممە و کاتژمێر ٣ی پاش نیوەڕۆ، لە شەقامی سەهۆڵەکەوە بۆ بەردەم باخی گشتنی خۆپیشاندانێک ڕێکئەخەین. داوا لە هەموو چین و توێژەکان دەکەین بەشداری خۆپیشاندانەکەی سبەینێ بکەن. لە داهاتوودا چالاکی زیاترمان دەبێت."

ئەمڕۆ کۆماری تورکیا لەژێر ناوی ئۆپراسیۆنی "کانیی ئاشتی" لەشکرکێشی بۆ سەر ناوچە کوردییەکانی سووریا دەستپێکرد بە مەبەستی لەناوبردنی چەکدارە کوردەکان لە سنوورەکەی.

Your browser doesn’t support HTML5

ڕاپـۆرتی ڕێباز مەجید