ڕێکخراوی HRW: دەستگیرکردنی کەسانی سوریایی و گواستنەوەیان بۆ تورکیا کارێکی نایاسایی‌یە

ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ Human Rights Watch دەڵێت دەستگیرکردنی خەڵکی لە سوریا و پاشان ڕەوانەکردنیان بۆ تورکیا و دادگایی‌کردنیان لەوێ، کارێکە پــێچەوانەی یاسا نێودەوڵەتیـیەکانە.

ڕێکخراوی HRW ئەمڕۆ چوارشەممە لە ڕاپـۆرتێکیدا کە بە زمانەکانی کوردی و عەرەبی و تورکی و ئینگلیزی بڵاویکردووەتەوە، دەڵێت بە لایەنی کەم 63 کەسی سوریایی کە لەلایەن لەشکری تورکیاو هێزەکانی ئۆپـۆزسیۆنی سوریای سەر بە ئەنکەرە لە باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا دەستگیرکراون و براون بۆ تورکیا و لەوێ تۆمەتی گەورەیان دراوەتە پاڵیان کە ڕەنگە هەتا مابن لە زینداندا بن.

مایکڵ پەیج جێگری بەرێوەبەری بەشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریکای ڕێکخراوەکە دەڵێت" خۆی دەبێت دەسەڵاتدارانی تورکیا وەک هێزێکی داگیرکەر بەپـێی یاسای داگیرکاری ڕێز لە مافی خەڵکی بگرن لە باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا، لەوانە قەدەغەکردنی دەستگیرکردنی بەبێ بەڵگە و گواستنەوەی خەڵکی بۆ وڵاتەکەیان، بەڵام تورکیا لە بری ئەمە وابەستە یاسایـیەکانی پــێشێل دەکات لە ڕێی دەستگیرکردنی ئەو پـیاوە سوریایـیانە و ڕاپــێچکردنیان بۆ تورکیا هەتا تۆمەتی گوماناوی و زۆر ئاڵۆزیان ئاڕاستەبکەن کە گوایە لە سوریا ئەنجامیان داون."

ڕێکخراوەکە دەشڵێت ئەو 63 کەسەی دەستگیرکراون، کورد و عەرەبن و لە نێوان مانگی دە هەتا مانگی دوازدەی ساڵی 2019 لە سەری کانی لەلایەن دەسەڵاتدارانی تورکیا و گروپە چەکدارەکانەوە دەستگیرکراون. ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات ڕاپـۆرت هەن باس لە دەستگیرکردنی نزیکەی 200 کەس دەکەن کە بەرەو تورکیا براون.

هیومەن ڕایتس واچ باس لەوەش دەکات هەندێک لەو کەسانە لەسەر بەڵگەی سەیر دەستگیرکراون، لەوانە لەبەرکردنی جلوبەرگی یەپەگە لە میانەی گرتنی ڤیدیۆی گۆرانیـیەکی کوردی لەسەر کۆبانی.

بەشێک لە کەسوکاری دەستگیرکراوەکان بە ڕێکخراوەکەیان گوتووە، بەڵێ ئەوان هاوسۆزی یەپەگە بوون، بەڵام هەرگیز چەکیان بۆ هەڵنەگرتووە . گوتوشیانە کاتێک ڕۆڵەکانیان دەستگیرکردوون گوتویانە بۆ چەند کاتژمێرێک دەیانبەن لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا دەکەن و ئازادیان دەکەن، بەڵام بێ سەروشوێنیان کردوون و پاش مانگ و نیوێک زانیویانە براون بۆ زیندانەکانی تورکیا. باسیشیان لەوە کردووە دەستگیرکراو هەبووە لەلایەن گروپە چەکدارەکانەوە تۆمەتی ئاڕاستەکراوە، بەڵام بەر لەوەی بیبەن بۆ تورکیا کەسوکارەکەی 10 هەزار دۆلاریان داوە و ئازادیان کردووە.

ڕێکخراوەکە باس لەوەش هەندێک لەو کەسانە لە کاتی دەستگیرکردنیان لە سوریا و تەنانەت پاش بردنیان بۆ تورکیا لێـیان داون. یەک لەوانە جەستەیان بە لێدان شینکردووەتەوە و لێویان لاتکردووە.

ژمارەیەک لەو دەستگیرکراوانە لە تورکیا حوکمدراون و سزای هەتاهەتایی دراون.

باوکی یەکێکیان بە ڕێکخراوەکەی گوتووە کوڕەکەی لەلایەن دادگایەکی تورکیاوە حوکمی 36 زیندانی دراوە و پاشان کەیسەکە خراوەتە بەردەم دادگایەکی پـێاداچوونەوە لە غازی عەنتاب هەتا سزاکە کەمبکاتەوە، بەڵام سزاکەی وەک خۆی هێشتووەتەوە.

ڕێکخراوەکە لە کۆتایی ڕاپـۆرتەکەی داوا لە دەسەڵاتدارانی تورکیا دەکات پـرۆسەی بردنی کەسانی سوریایی لە سوریاوە بۆ تورکیا ڕابگرێت. هاوکات ڕێگە بە هەموو دەستگیرکراوەکان بدرێت پەیوەندی بە کەسوکارەکانیانەوە بکەن و باس لە دۆخی خۆیان بکەن. دەبێت دەستبەجێ هەموو دەستگیرکراوەکانی براون بۆ تورکیا ببرێنەوە بۆ ئەو ناوچانەی تورکیا لە سوریا دەستی بەرسەردا گرتوون.

دەشڵێت ئەگەر هەر بەردەوامبن لە دادگایـیکردنی کەسانی سوریایی لە دادگاکانی تورکیا، ئەوا هەر هیچ نەبێت دادگایـیان نەکەن لەسەر تۆمەتێک کە بە زۆر وەهایان لێکرابێت دانی‌پیادابنێن، یان هان درابن شایەتی نادوروست بدەن هەتا بەپــێی یاسای "تۆبە و پاشیمانبوونەوە" ی تورکیا سزاکانیان بۆ کەمبکرێنەوە.

هەروەها دەڵێت دەبێت دەسەڵاتدارانیتورکیا وەک هێزێکی داگیرکەر و پشتیوانکاری گروپە چەکدارەکان لەو ناوچانەی لە ژێر دەسەڵاتیاندایە، مسۆگەری بکەن کاربەدەستەکان و ئەوانەشی لە ژێر فەرمانیاندا کاردەکەن خەڵکی بەبێ بەڵگە دەستگیر نەکەن و مامەڵەی خراپی دەستگیرکراوەکان نەکەن. هەروەها دەبێت دەسەڵاتداران لێکۆڵینەوە بکەن لەو پـێشێلکاریــیانەی باسدەکرێن و ئەنجامدەرانیان سزابدرێن.

تورکیا و گروپە چەکدارەکانی لایەنگری پـێشتر گوتویانە دەستگیرکراوەکان ئەندامانی یەپەگە و پەیەدەی سەر بە پارتی کرێکارانی کوردستانن و تێرۆرستن. هەتا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە لایەنە فەرمیـیەکانی تورکیا هیچیان لە بارەی ئەم ڕاپـۆرتەی ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ بڵاونەکردووەتەوە.