تورکیا دوو تورک ئازاد دەکات کە هەوڵیان دابوو کیسێک بەسەری سەربازێـکی ئەمەریکاییدا بکەن

بنکەی ئاسمانی ئینچەرلیک

لەشکری ئەمەریکا دەڵێت دوو تورک کە لە بنکەیەکی ئاسمانی باشوری تورکیا گێچەڵیان بە سەربازێـکی ئەمەریکایی کردبوو و هەوڵیان دابوو کیسێک بەسەریدا بکەن، وا ئێسـتا ئازادکراون.

کۆلۆنێل دەیڤد وێستۆڤەر گوتەبێژی فەرماندەیەتی ئەمەریکا- ئەوروپا لەم بارەیەوە ئەمڕۆ سێشەممە گوتی ئەوان چاوەڕێی کاردانەوەی زیاترن لە لایەن دەسەڵاتدارانی تورکیاوە لە کاتێـکدا لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە لە لایەن کاربەدەسـتانی تورکی و ئەمەریکایی بەردەوامە.

دەزگاکانی ڕاگەیاندنی تورکیا دەڵێن ڕووداوەکە ڕۆژی شەممە لە بنکەی ئاسمانی ئینچەرلیک ڕوویداوە و دوو تورکەکە ناویان (یاڵچین سەمیر ئاکارسوو و جەنک کزلرماک)ـە و لەو کاتەی هەوڵیان دابوو لە بنکەکە بچنە دەرێ دەسـتگیرکراون. پاشان وەها ڕاگەیەندرا کە لە شوێنەکانیان دەستبەسەرکراون.

هەتا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە کاربەدەسـتانی تورک هیچیان لەم بارەیەوە ڕانەگەیاندووە.

ژمارەیەک لە ئەندامانی یەکێتی گەنجانی تورک ڤیدیۆی ڕووداوەکەیان لەسەر ئنتەرنێت بڵاوکردەوە.

چاغ‌داش جەنگیز سەرۆکی یەکێتیـیەکە بە ئاژانسی دەنگ‌وباسی ئەسۆشیەتد پـرێسی گوتووە ئەوان ڕەتی دەکەنەوە هێزی بیانی و ئیمپریالی لە تورکیا بوونیان هەبێت. پاشان گوتویەتی دیمەنی هەڵاتنی سەربازە ئەمەریکایـیەکە دەبێت پەیامێـک بێت بۆ هەموو جیهان.

لە ڤیدیۆکەدا سەرەتا یەک لە تورکەکان لە سەربازە ئەمەریکایـیەکە دەپـرسێت " تۆ سەربازی ئەمەریکایی‌ت" ، سەربازەکەش دەڵێت " بەڵێ".

پاشان تورکەکە پـێی دەڵێت" ئێمە تورکین، ئێمە سەربازی تورکین. لە سـاڵی 2013 لە عێراق، ئێوە کیستان کرد بەسەر سەربازەکانمان، وە ئێسـتا تێرۆرستان لە وڵاتەکەماندا هەن. وڵاتەکەی ئێوە بەرپـرسیارە لە هەموو ئەم کارە تێرۆرستیـیانە. هەموو ڕۆژێک بۆمب دەتەقنەوە. هەموو ڕۆژێک هەواڵی شەهیدبوونی سەربازانمان پێ دەگات. ئێوە بەرپـرسیارن لەمە. تۆ ناتوانیت لێرە بچیتە دەرێ، بەڵام ئێمە یەین بۆ ئەم 'زیندانەت' ، وە ئەم کیسە دەکەین بە سەرتا."

دواتر تورکەکە هەوڵ دەدات کیسەکە بەسەری سەربازە ئەمەریکایـیەکە بکات، بەڵام سەربازەکە ناهێڵێت و تورکەکە پـێی دەڵێت "بوەستە" و سەربازەش وەڵامی دەداتەوە و دەڵێت "نەخێر تۆ بوەستە."


ڤیدیۆی ڕووداوەکە

Your browser doesn’t support HTML5

دوو تورک هەوڵ دەدەن کیس بکەن بەسەر سەربازێـکی ئەمەریکایی لە ئنچەرلیک