یەکێتی ئەوروپا یارمەتی ڕەوانەی تورکیا کرد بەمەبەستی کوژاندنەوەی ئەو ئاگرەی کە ماوەی هەفتەیەکە بەردەوامە و بۆتە هۆی گیان لەدەستدانی هەشت کەس و لەلایەکی دیکەشەوە فشاری خستۆتە سەر سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان.
ئاگرەکە بە سەرانسەری ناوچە هاوینەهەوارەکانی کەنار دەریای تورکیادا پەرەدەسەنێت و گەشتیارانی ناچار کردووە هۆتێلەکان بەجێبهێڵن.
لەلایەکی دیکەشەوە ئاگرکەوتنەوەکە بووە هۆی ئەوەی ڕەخنەی توند ئاڕاستەی ئەردۆغان بکرێت لەسەر چۆنێتی وەڵامدانەوەی ڕووداوەکە. حکومەتی تورکیا ڕایگەیاند هیچ فڕۆکەیەکی ئاگرکوژێنەوەیان نیە و پشتیان بە یارمەتیە دەرەکییەکان بەستووە بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکە.
وەزیری دەرەوەی تورکیا مەولود چاوش ئۆغلۆ سوپاسی بڕۆکسلی کرد بۆ ڕەوانەکردنی فڕۆکەیەک لە کڕواتیا و دوو فڕۆکە لە ئیسپانیاوە.
بەڕێوبەرایەتی دارستانی تورکیا وتی لە ڕۆژی چوارشەممەوە 105 ئاگرکەوتنەوە لە 35 شار و شارۆچکە لە سەرانسەری وڵاتەکەدا تۆمارکراوە.
وتی حەوتیان کە دوور نین لە شارەکانی ئەنتاڵیا و مەرماریسەوە، تاوەکو ڕۆژی دووشەممە بەردەوام بوون.
سەرچاوە/ فرانس پرێس