وەزارەتی دارستانی تورکیا وتی تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە لە تورکیا دوو ئاگرکەوتنەوەی گەورەی دارستانییان کۆنتڕۆڵ کردووە کە ماوەی سێ ڕۆژە بەردەوامە، چەند ئاگرکەوتنەوەیەکی دیکەش لە سەرانسەری وڵاتەکەدا پێشبینی دەکرێت بەمزووانە کۆنتڕۆڵ بکرێن.
درەنگانێکی ڕۆژی پێنجشەممە ئاگر لە دارستانەکانی لە پارێزگای ئیزمیری ڕۆژئاوا و بۆلوی باکوور کەوتنەوە، لەو کاتەوە تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە هەوڵی کوژاندنەوەی ئەو ئاگرانەیان داوە.
وەزیری دارستانی تورکیا ئیبراهیم یوماکلی سەبارەت بە ئاگرەکەی ناوچەی کارسیاکای ئیزمیر وتی هەوڵەکانی فێنککردنەوە بەردەوامن تاوەکو بە تەواوەتی ئاگرەکان دەکوژێندرێنەوە. وتیشی ئاگرێکی بچووک کە ڕۆژی شەممە لە ناوچەی ئورلای ئیزمیر کەوتووەتەوە ئەویش کۆنتڕۆڵ کراوە.
زۆرێک لە ئاگرکەوتنەوەکانی دیکەی دارستان لە ناوچەی مەندەریسی ئیزمیر و ئایدن و مانیسا و ئوساکی ڕۆژئاوا و پارێزگای کارابوکی باکوور هێشتا کۆنتڕۆڵ نەکراون، ئوتومبێل و هێلیکۆپتەر هێندراون بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکان و " خەریکن کۆنتڕۆڵی دەکەن."
بەڕێوبەرایەتی گشتی دارستان هۆشداریداوە لە مەترسی ئاگرکەوتنەوەی کێوی لە 12 پارێزگای باکوور و ڕۆژئاوای تورکیادا لە ماوەی 10 ڕۆژی داهاتوودا، ئەوەش بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما و کەمی شێ و بای بەهێزەوە.
سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا