لە کاتێکدا تا دێت هەڕەشەکانی تورکیا بۆ سەر عەفرین توندتر دەبن و بۆردومان و تۆپبارانەکانی لەشکری تورکیا و هێزە ئیسلامییە توندڕەوووەکان و چەکدارە پشتیوانەکانی بە ناو ئۆپۆزسیۆنی سوریا بۆ سەر عەفرین توندتر دەبێت؛ بەرگری بەپەرچدانەوەی یەکینەکانی پاراستنی گەل توندتر و بەهێزتر دەبێت. بەڵام تورکیا لەسەروەختی ئەم هێرشەدا هەڕەشەش لە گرتنی مەنبج و کوبانی و قامیشلۆ و ناوچە کوردنشینەکانی باکوری سوریا دەکات، هاوکات دەشڵێت کە لە سازکردنی گفتگۆدان لەگەڵ حکومەتی عێراقدا بۆ هێرشکردنە سەر پەکەکە لە قەندیل.
لە دوایین ڕاپۆرتدا ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاویکردەوە "لە 20 ی کانوونی دووەمی 2018 وە تا ئێستا لانیکەم 215 هاوڵاتی مەدەنی لە کورد و عەرەب و ئەرمەنی بەهۆی بۆردومان و هێرشەکانی سوپای تورکیا لە کانتۆنی عەفرین کوژراون، کە 32 یان منداڵ و 26 یشیان ئافرەتن".
بەڵام نوری مەحمود وتەبێژی یەپەگە رایگەیاندبوو کە لە سەرەتای هێرشەکانی سوپای تورکیا و گروپە هاوپەیمانەکانی بۆسەر کانتۆنی عەفرین، زیاتر لە ٦٠٠ هاوڵاتی مەدەنی بوونەتە قوربانی.
بۆ ئەو مەبەستە و تاوتوێکردنی تەواوی رەوشەکە، ئاسۆ جەبار وتوێژی لەگەڵ رۆژنامەوان و شیکاری سیاسی ئاسۆ عەبدول لەتیفدا سازکردووە...
ئاسۆ دەڵێت "جەنگی ئەم جارە جەنگێکی سنوردارە، ئێستا تورکیا تێوەگلاوە لەم شەڕەی عەفرین، نەدەتوانێ پاشەکشە بکات، نە دەتوانێ سەرکەوتنێکی گەورە بەدەستبێنێت."
دەشڵێت "خۆ عەفرینییەکان مەجوس و گاور و لادەر نین، ئەوانیش موسڵمانن."
سەبارەت بە عێراقیش لەم گەمەیەدا ئاسۆ عەبدول لەتیف دەڵێت "عێراق ئەو وڵاتە بەهێزە نیە سنورەکانی خۆی تۆکمەبکات بەرەو ڕووی هەریەکە لەدەوڵەتێکی وەکو کۆماری ئیسلامی ئێران و دەوڵەتێکی وەک تورکیا."
دەشڵێت "پێشتر تورکیا لە سعودیەو کەنداوی عەرەبی و رێکخراوە سونی مەزهەبییەکاندا گەمەی دەکرد، بۆ یاریکردنی خۆی بۆ ئەو ئیمپراتۆرییەت و خەلافەتە عوسمانییە نوێیانەی کە بە نیازە دروستی بکات تا 2050 و درێژەی پێبدات."
هاوکات دەڵێت "هەموو ئەو شەڕانەی تورکیا بۆئەوەیە بچێتە یەکێتی ئەوروپا و ئەمریکاش وەکچۆن سعودییەیان قبوڵە ئاواش تورکیاشیان قبوڵ بێت."
Your browser doesn’t support HTML5