ئاسۆ عەبدول لەتیف: لە شەقامەکانی تورکیادا خەڵک بە ئاشکرا وشەی فاشیزم بەکاردەهێنن

سەرباری لابردنی سەرۆک شارەوانییە کوردەکانی تورکیا لەسێ شاری کوردنشین بەڵام ناڕەزاییەکان بەردەوامەو شەقامەکانی ئەو شارانەو شارە گەورەکانیشی گرتۆتەوە. دانانی قەیومەکان لەجێی ئەو سەرۆک شارەوانینانەی کە بەدەنگی خەڵک بە هەڵبژاردن دیاریکراون لەبەرئەوەیە نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەوروپییەکان لەوبارەیەوە نیگەرانن و دەڵێن دورخستنەوەی سەرۆکی شارەوانییەکان لە تورکیا پەکخستنی دیموکراسییە.

لە خۆپیشاندانەکەى ئامەد دا سێ پەرلەمانتارى هەدەپەو ژمارەیەک لە هاوڵاتی بریندار بوون. بەمەبەستى دەربڕینى ناڕەزایەتى لەدژى لابردنى سێ لەسەرۆک شارەوانییەکانى شارە کوردنشینەکانی تورکیا لایەنگرانى هەدەپەو پەرلەمانتارانى ئەو پارتە لەبەردەم بارەگاى سەرەکى پارتەکە کۆبوونەوەو دواتر خۆپیشاندانێکى فراوانیان ئەنجامدا. هێزە ئاسایشییەکان هێرشیان کردە سەر خۆپیشاندەران و جگە لە دەستگیرکردنى زیاتر لە ١٠ کەس هاوکات هەرسێ پەرلەمانتارى هەدەپە (ئایشە ئاجار باشەران، تولای هەتیم ئۆغولار، سەرپیل کەمال بای) بریندار بوون. بەپێى ئامارەکان لە ماوەى سێ رۆژى رابردوودا نزیکەى ٦٠٠ هاوڵاتی کوردو لایەنگرى هەدەپە لە باکورى کوردستان دەستگیر کراون.

ئایا حکومەتەکەی ئەردۆغان تا چەند دەتوانێت بەردەوامبێت لەپێشێلکاریی و دەستگیرکردن و لابردنی سەرۆک شارەوانییە کوردەکان؟ ئایا ئەم پریشکی ئەم ئاگرە ناگاتە رکابەرە سەرسەختەکەی ئەردۆغان لە ئەستەنبوڵ واتە ئیمام ئۆغڵو و پارتی گەلی کۆماریی؟ ئایا ئەم هەنگاوەی تورکیا پتر ئۆپۆزسیۆن و دەنگە ناڕەزاییەکان لەیەک بەرەدا کۆدەکاتەوە یان خامۆشیان دەکات؟

ئاسۆ جەبار سەبارەت بەو بابەتە وتووێژی لەگەڵ رۆژنامەوان و شارەزای تورکیا ئاسۆ عەبدول لەتیف دا سازکردووە....

ئاسۆ دەڵێت "ئەوەی ئێستاکە لەتورکیادا دەگوزەرێت ئێستا بە ناوی دیموکراسیەتەوە لەژێر پەردەی یاسا سەروەری لەژێر پەردەی پەرلەمان و دامودەزگاکانی دەوڵەت هیچ نیە بێجگە لەزنجیرەیەک رێوشوێنی ئەمنی توند و مومارەسەکردنی تاکڕەویی و فاشیزم."

دەشڵێت "ئێستا لە شەقامەکانی تورکیادا بە ئاشکرا فاشیزم بەکاردەهێنرێت."

سەبارەت بە ناڕەزاییەلاکن ئاسۆ عەبدول لەتیف دەڵێت "ئەگەر ئەم ناڕەزایەتیانەی شەقامەکانی باکور بگوازرێتەوە بۆ شەقامەکانی تورکیا وەک ئەستەنبوڵ و ئەنکەرە بێگومان دەتوانێت بەربگرێت بەو سیاسەتە تاکڕەوییەی کە ئەردۆغان گرتویەتییە بەر."

دەشڵێت "ئێستا تورکیا کۆپیکراوی عوسمانی نوێیەو دەوڵەتێکی تەقلیدییە لەسەر مەرگ و ژانەسەری خەڵک دەژی."

هاوکات دەشڵێت "ئابوری تورکیا لەهەڵخزانێکی گەورەدایە."

سەبارەت بە پشتیوانی ئەمریکا و وڵاتانی ئەوروپا لە دەنگە ناڕەزاییەکانی تورکیا دەڵێت "ئەگەر ئەمریکا بە جیدی لەگەڵ ئەم تەرزە تازەیەدا بێت کە لەشەقامی تورکیادا هەیە تەمەنی ئەم مۆدێلەی تورکیا بەرگەی یەک ساڵ ناگرێت."

Your browser doesn’t support HTML5

وتووێژ لەگەڵ ئاسۆ عەبدول لەتیف