ڕۆژی هەینی شەڕێکی دەستەویەخە لە نێو پەرلەمانتارانی تورکیادا ڕوویدا کاتێک پەرلەمانتارێکی ئۆپۆزسیۆن هێرشی کرایەسەر دوای ئەوەی داوای کرد هاوڕێ پەرلەمانتارەکەی کە بە تۆمەتی ڕێکخستنی خۆپیشاندانی دژ بە حکومەت زیندانیکراوە ئازاد بکرێت.
گرتە ڤیدیۆکان دەریدەخەن پەرلەمانتارانی پارتی داد و گەشەپێدانی فەرمانڕەوا پەلە دەکەن بۆ ئەوەی لە ئەهمەت شیک بدەن و چەندین کەسی دیکە بەشدار دەبن، هەندێکیان هەوڵ دەدەن ئەوانی دیکە بگرن. خوێن لەسەر پلیکانە سپییەکانی پۆدیۆمی سەرۆکی پەرلەمان دەڕژێت.
لە ساڵی 2022 دا چان ئاتالای سزای 18 ساڵ زیندانیکردنی بەسەردا سەپێندرا، دوای ئەوەی بە تۆمەتی هەوڵدان بۆ دوورخستنەوەی حکومەت تۆمەتبار کرا، ئەوەش لە ڕێی ئەوەی گوایە لە ساڵی 2013 دا لەگەڵ عوسمان کاڤالادا خۆپیشاندانە سەرتاسەرییەکەی گەزی پارکی ڕێکخستووە، کاڤالا و شەش کەسی دیکەش زیندانیکراون. سەرجەمیشیان تۆمەتەکان ڕەت دەکەنەوە.
سەرەڕای ئەوەی لە زینداندا بووە، ئاتالای لە مانگی پێنجی ساڵی ڕابردوو وەکو پەرلەمانتار هەڵبژێردرا تاوەکو نوێنەرایەتی پارتی کرێکارانی تورکیا بکات. پەرلەمان کورسییەکەی لێسەندەوە، بەڵام لە 1 ی مانگی هەشتدا دادگای دەستووری دەرکردنەکەی بە پووچەڵ ڕاگەیاند.
شیک لە وتارێکدا بۆ پەرلەمانتارانی پارتی داد و گەشەپێدان وتی " توشی سەرسوڕمان نەبووین بەوەی کە ئێوە چان ئاتالای بە تیرۆریست ناودەبەن، هەروەکو چۆن ئەوە لەگەڵ هەر کەسێکدا دەکەن کە لەگەڵ ئێوەدا نەبێت."
وتیشی " بەڵام گەورەترین تیرۆریست ئەوانەن کە لەسەر ئەم کورسییانە دانیشتوون."
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا دوای شەڕەکە دانیشتنەکەی ڕاگرت. دوای زیاتر لە سێ کاتژمێر لە پشوو، دانیشتنەکە دەستیپێکردەوە، ئەمجارە لەلایەن سەرۆکی پەرلەمانەوە سەرۆکایەتیکرا نەک جێگرەکەی.
پەرلەمان لە بەیاننامەیەکدا سەرزەنشتی شیکی کرد لەسەر لێدوانەکەی دژی پارتی داد و گەشەپێدان و پەرلەمانتاری ئەو پارتە ئالپای ئۆزالان، ئۆزالانیش سەرزەنشتکرا لەسەر هێرشکردنە سەر شیک.
سەرکردەی پارتی چەهەپە وتی ڕووداوەکە " شەرمەزارییە."
سەرکردەی چەهەپە ئۆزگور ئۆزێل بە ڕۆژنامەنووسانی وت " پەرلەمانتاران لە پەرلەمانتارانی دیکەیان داوە، تەنانەت ژنانیش. ئەمە جێی قبووڵکردن نیە."
سەرکردەی پارتی دەمی لایەنگری کوردەکان گوڵستان کۆچیگیت، کە ئەویش لێی دراوە، وتی پارتی فەرمانڕەوا هەوڵی بێدەنگکردنی ئۆپۆزسیۆنی داوە لە ڕێی بەکارهێنانی توندوتیژییەوە.
گوڵستان وتی " ئەوە ئاشکرا بوو کە زۆر بە ئامادەباشی و بە پلانەوە هاتبوون. هەوڵ دەدەن بە فشار و توندوتیژی و هێز دەنگ و وتارەکانمان بێدەنگ بکەن."
پارتی کرێکارانی تورکیاش داوای ئازادکردنی ئاتالایان کرد.
شەڕی دەستەویەخە سەرەڕای ئەوەی دەگمەنە بەڵام شتێک نیە لە پەرلەمانی تورکیادا نەبیندرابێت. لە مانگی شەشدا پەرلەمانتارانی پارتی داد و گەشەپێدان لەگەڵ پەرلەمانتارانی پارتی دەمدا شەڕییان کرد لەسەر دەستبەسەرکردن و لابردنی سەرۆک شارەوانییەکی پارتی دەم لە باشووری ڕۆژهەڵاتی تورکیا لەسەر ئەوەی گوایە سەرۆک شارەوانییەکە پەیوەندی بە گروپی چەکدارییەوە هەبووە.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز