واشنتن – مەسجیدە مێهیردڵ تەمەنی 11 ساڵ بوو کاتێک نزیکەی سێ هەزار کەس لە هێرشە تێرۆریستیەکانی 11ی سێپتەمبەری 2001 بۆ سەر ئەمەریکا گیانیان لەدەستدا. لە خێزانێکی ئەفغانی ئەمریکی لە ناوچەی کوینز لە نیویۆرک لەدایک بووە و گەورە بووە.
لە بیریەتی دایک و باوکی دڵخۆش بوون کاتێک ساڵی 2001 بەڕێوەبەرایەتی جۆرج دەبلیو بۆش بڕیاری داگیرکردنی ئەفغانستانی دا بۆ تێکشکاندنی کامپەکانی مەشقکردنی ئەلقاعیدە. تاڵیبان پەناگەیەکی ئارامی لە ئەفغانستان بۆ ئوسامە بن لادن، ئەندازیاری هێرشەکانی 11 ی سێپتەمبەر، دابینکردبوو.
باوک و دایکی ئاواتەخوازبوون کە داگیرکردنەکە سەرەتای دروستبوونی دیموکراسی بێت لە نیشتمانەکەیان، کە خاوەن مێژوویەکی پڕ لە شەڕە.
دەڵێت خانەوادەکەی لەگەڵ ئەفغانییە ئەمریکییەکانی دیکەدا لە کوینز ئاگریان کردەوە و ئاهەنگیان بۆ کۆتاییهاتنی حوکمی توندئاژۆیانەی تاڵیبان گێڕا.
مەسجیدە دەڵێت، " هەموو گەڕەکەکە هاتن. دوکانەکان تا درەنگانی شەو کراوە بوون لە پێشکەشکردنی خواردن بە خۆڕایی. هەموویان سەمای کلتوریان دەکرد."
دوای 20 ساڵ، ئەمڕۆ هەستی خیانەت جێگای ئەو هەستی گەشبینی و ئومێدەی گرتۆتەوە.
مەسجیدە لە ڕێگەی تەلەفۆنەوە بە دەنگی ئەمەریکای گوت، " هەست بە نائومێدی دەکەم. هەست بە پەستی دەکەم. هەست بە خیانەت دەکەم."
مانگی دووی 2020 ، ئەمەریکا و تاڵیبان ڕێکەوتنێکی ئاشتیان واژووکرد و ئەوەش رێگەی خۆشکرد ئەمەریکا هێزەکانی لە ئەفغانستان بکشێنێتەوە.
مەسجیدە، خزم و کەسی لە ئەفغانستان هەیە، دەڵێت بڕوای وایە تاڵیبان توانی دەست بەسەر ئەفغانستاندا بگرێت چونکە ئەمەریکا هێزەکانی لە وڵاتەکە کشاندەوە.
مەسجیدە بەردوامی بە قسەکانیدا و گوتی، " ئێمە هەر چوار ساڵ جارێک لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیدا دەنگدەدەین بە هیوای ئەوەی دەنگمان ببیسترێت. خۆپیشاندان دەکەین بەو هیوایەی دەنگەکانمان گوێیان لێبگیرێت، بەڵام چاوەڕوانی ئەوەمان نەدەکرد ئەو شێتییەمان لەوێ بۆ جێبهێڵن."
مەسجیدە تاکە کەس نییە بەو شێوەیە نیگەران بێت. لەم هەفتانەی دواییدا، ژمارەیەکی زۆر ئەفغانییە ئەمریکییەکانی دیکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دەنگی توڕەیی و بێئومێدی خۆیان سەبارەت بە بڕیاری ئەمەریکا بۆ کشانەوەی کارمەندە سەربازیی و دیپلۆماسییەکانی لە ئەفغانستان لە مانگی ڕابردوودا دەربڕی.
ڕاپرسیـیەکان چی دەڵێن؟
ئەمەریکایـیەکان بە گشتی پشتگیری لە کشانەوەی سەربازەکان لە ئەفغانستان دەکات. بەپێی دواین راپرسی سەنتەری لێکۆڵینەوەی پیو، 54٪ خەڵکی پێگەشتووی ئەمەریکا کشانەوەکە بە بڕیارێکی دروست ناودەبەن و 42٪ دەڵێن هەڵە بووە. هەمان راپرسی دەریدەخات زۆربەی ئەمریکییەکان پێیانوایە بایدن بە رێک و پێکی کشانەوەکەی ئەنجامنەداوە.
تاڵیبان دەستی بەسەر زۆربەی وڵاتەکەدا گرت چەند رۆژێک پێش ڕۆشتنی دوایـین سەربازی ئەمەریکا لە ئەفغانستان کە لە شەوی 30 ی مانگی هەشتدا بوو.
سەرۆک بایدن بەرگری لە بڕیارەکەی کرد بۆ کشانەوەی هێزەکان و ئەو بارودۆخەی خستە ئەستۆی شکستی حکومەتی ئەفغانستان لە بەرگریکردن دژی تاڵیبان.
رۆژی 16ی هەشت - دوای ئەوەی تاڵیبان کابولی پایتەختی ئەفغانستانی گرت - لە گوتارێکی تەلەڤزیۆنیدا، سەرۆک بایدن گوتی، "هێزەکانی ئەمەریکا ناتوانن و نابێت لە شەڕێکدا بەشداربن و بمرن کە هێزە ئەفغانییەکان ئامادەنین بۆ خۆیان شەڕ بکەن. "
بایدن هەروەها گوتی، "زیاتر لە تریلیۆنێک دۆلارمان خەرج کرد. مەشق و چەکمان بۆ هێزێکی 300 هەزار سەربازی ئەفغانی دابینکرد. بەباشی پڕچەک بوون. هێزێکی گەورەتر بوو لە هێزی سەربازی زۆر لە هاوپەیمانەکانمان لە ناتۆ."
ئەحمەد وەیس وارداک، پرۆفیسۆرێکی ئەمریکی ئەفغانییە، کە لە US Coast Guard Academy وانەی زانستە سیاسییەکانی گوتۆتەوە.
دەڵێت ڕەنگە ئێستا جیهان هیچ هەڵبژاردنێکی لەبەردەستدا نەبێت جگە لەوەی وەک قەوارەیەکی شەرعی دان بە تاڵیباندا بنێت.
پرۆفیسۆر ئەحمەد دەڵێت، " ئەگەر ئەمەریکا و وڵاتانی ئەوروپا دان بە تاڵیباندا نەنێن و سزای ئابووری بخەنە سەر، ئەوە ترس هەیە ئەفغانستان، لە ژێر دەسەڵاتی نوێی تاڵیباندا، زیاتر سەرنجی رێکخراوە جیهادییەکان لە سەراپای جیهان بۆ خۆی رابکێشێت و جارێکی دیکە ببێتەوە وڵاتێکی بەرهەمهێنەری مادەی هۆشبەر و پەناگەیەک بۆ ڕێکخراوە تێرۆریستییەکانی جیهان."
تاڵیبان هەوڵیداوە وێنەیەکی جیاواز پێشکەش بە جیهان بکات و نوێنەریان ڕەوانەی چین و ڕووسیا و وڵاتانی تر کردووە بۆ ڕازیکردنیان تا پشتگیری حکومەتە نوێیەکەیان بکەن. هەرچەندە ئەمەریکا ساڵانێکە سەرقاڵی دانوستانی ئاشتی بوو لەگەڵ ئەو گروپەدا، بەڵام بەرپرسانی ئەمەریکا لەوەتەی ئەو گروپە دەسەڵاتیان گرتۆتەوە دەست، بە ئاشکرا چاویان بە سەرکردەکانی تاڵیبان نەکەوتەوە.
بەڵام چونکە سەدان ئەمریکی و هاوڵاتییە ڕۆژئاواییەکانی دیکە و هاوپەیمانە ئەفغانییەکانیان هێشتا لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی تاڵیباندا گیریان خواردووە، شارەزایان دەڵێن واشنتن ڕەنگە هیچ چارەیەکی نەبێت جگە لەوەی دانوستان لەگەڵ ئەو گروپەدا بۆ ئازادکردنی ئەو خەڵکە بکات.
لەم ڕۆژانەی دواییدا ژنان لە چەندین شاری ئەفغانستان لە دژی حوکمی پیاوسالاری تاڵیبان خۆپیشاندانیان ئەنجامداوە. دلاوەر فەیزان، کە بەرپرسێکی باڵا بوو لە حکومەتی ئەشرەفی غەنی سەرۆکی پێشووی ئەفغانستان، دەڵێت تاڵیبان ناتوانێت وەکو رابردوو ئەفغانستان کۆنترۆڵ بکات.
فەیزان وتی، " لە 20 ساڵی ڕابردوودا هەم لە ڕووی فیزیکی و تواناسازییەوە کارکراوە. ئێستا سەدان یان هەزاران کەس هەن کە دکتۆرا و ماستەریان لە ئوسترالیا و کەنەدا و بەریتانیا و ئەمەریکاوە وەدەستهێناوە. تاڵیبان ناتوانێت ئەو کەسانە بەڕێوەببات وەک ئەوەی کە 20 ساڵ لەمەوبەر کردیان."
لە چەند هەفتەی ڕابردوودا هەزاران کەس بە پوری مەسجیدەشەوە لە ئەفغانستان هەڵهاتوون لە ترسی خراپتربوونی دۆخی ئاسایشی وڵاتەکە. بەڵام مەسجیدە دەڵێت هێشتا هیواخوازە ڕۆژێک سەردانی زێدی باو و باپیرانی بکات.
گوتی "ڕۆژێک دەڕۆم و بەڵێنم بە خۆم داوە هەر دەڕۆم، و شتەکە ئەوەیە، پێم وایە نابێت هیچ کەسێک هیوا لە دەست بدات. لە دوای هەموو گەردەلوولێک ئارامی دێت."