کوژرانی دوو ڕۆژنامەوان لە سوریا

میدیاکانی تورکیا و پارتێکی لایەنگری کوردەکان لە تورکیا دەڵێن دوو ڕۆژنامەنووس کە کارییان بۆ دەزگاکانی ڕاگەیاندنی کوردی کردووە لە تورکیا ڕۆژی پێنجشەممە لە باکووری سوریا کوژراون، ئەوەش دوای ئەوەی گوایە ئوتومبێلەکەیان لەلایەن فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی تورکیاوە کراوەتە ئامانج.

میدیاکانی تورکیا دەڵێن نازم داستان و جیهان بەلگین لە نزیک بەنداوی تشرین کوژراون کە دەکەوێتە 95 کم دوور لە ڕۆژهەڵاتی حەلەبەوە، ئەوەش لە کاتێکدا بووە کە دوو ڕۆژنامەنووسەکە ڕووماڵی شەڕەکەی نێوان هێزە کوردییەکانی سوریا و گروپە چەکدارییەکانی لایەنگری تورکیایان کردووە.

هاوسەرۆکی پارتی دەم گوڵستان کیلیچ کۆچیگیت ڕۆژی هەینی لە وتارێکدا لە پەرلەمانی تورکیا سەرکۆنەی کوشتنی ڕۆژنامەنووسەکانی کرد.

وتی " هێرشەکە تاوانە دژی مرۆڤایەتی. داوا لە حکومەتی تورکیا دەکەین دەستبەجێ مامەڵە لەگەڵ پرسەکەدا بکات و دڵنیا ببێتەوە لەوەی کە پاراستنی ڕۆژنامەنووسان بەرز ڕابگیرێت."

ڕۆژنامەنووسی کورد ستێرک گولۆ کە لە قامیشلۆی ڕۆژهەڵاتی سوریایە دەڵێت " یەکێک لە هۆکارەکانی ئەوەی کە هاوڕێ ڕۆژنامەنووسەکانمان ئەمڕۆ کرانە ئامانج دڕندەیی وڵاتی تورکیایە کە دەیەوێت سەرجەم دەنگەکانی ڕۆژنامەگەری ئازاد لە ناوببات کە ڕووماڵی ڕاستییەکان دەکەن. وڵاتی تورکیا کێشەی هەیە لەگەڵ بوونی بیرکردنەوە و نوسینی ئازاددا."

بەرپرسانی تورکیا دەستبەجێ لێدوانییان لەسەر ڕووداوەکە نەداوە.

بەپێی ماڵپەڕی هەواڵی بیانێت، دوو ڕۆژنامەنووسەکە بەوە ناسراو بوون کە ڕووماڵی ململانێکەی سوریایان کردووە، ڕووماڵێکی زۆری پرسەکانی کورد و ڕێکخراوی داعشییان کردووە.

تورکیا یەپەگە کە سەرکردایەتی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک دەکات و ئەمەریکا پشتیوانییان لێدەکات، وەکو بەشێک لە پارتی کرێکارانی کوردستان سەیر دەکات، کە ماوەی 40 ساڵە لە ململانێدایە لەگەڵ تورکیادا.

ئەمە یەکەمین جار نییە لەمساڵدا ڕۆژنامەنووسە کوردەکان لەلایەن فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی تورکیاوە بکوژرێن. لە مانگی شەشدا ڕۆژنامەنووسی ئێزیدی موڕاد میرزا ئیبراهیم لەلایەن فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانەوە لە شنگالی باکووری عێراق کوژرا. کەمتر لە یەک مانگ دوای ئەوە، لە 23 ی مانگی هەشتدا، ڕۆژنامەنووسانی کورد گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادین لە هێرشێکی فڕۆکەی بێفڕۆکەواندا لە سلێمانی کوژران.


سەرچاوە/ ڕۆیتەرز